سەرۆکایەتی حکومەتی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ھیچ پەیوەندی بە کێشەی کۆچبەرانەوە نییە لەسەر سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندا.
ئەمرۆ پێنجشەممە، دیمیتری بسکۆف وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ھیچ پەیوەندی بە کێشەی کۆچبەران لە سنوری بیلاروسیا و پۆڵەنداوە نییە و تەواوەی تواناکانی خۆشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەخاتەگەڕ.
ئاماژەی بەوەشدا، ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکی روسیا بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەلێکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کێشەکە و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجامداوە.
وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا ئەوەشی خستەڕوو، کێشەی کۆچبەرانی سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندا پێویستە ببێتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ عەقڵمەندانی یەکێتی ئەوروپا.
لە بارەی تۆمەتبارکردنی کۆمپانیای ئێرفلۆتی روسی تایبەت بە فڕۆکەوانی لەلایەن پۆڵەنداوە، دیمیتری بسکۆف وتی، ئەگەر ھەندێ کۆمپانیای فڕۆکەوانی کەسانێکیان گواستبێتەوە بۆ بیلاروسیا، لە نێویشیاندا کۆچبەران، ئەمە ھیچ دژنایەتەوە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا.
ھاوکات، لەلایەن خۆیەوە، کۆمپانیای ئێرفلۆتی روسی تایبەت بە فڕۆکەوانی رەتی کردەوە کۆچبەرانی لە روسیاوە بۆ بیلاروسیا گواستبێتەوە.
ئاشکراشی کرد، کۆمپانیاکە بەھیچ شێوەیەک گەشتی بۆ عێراق و سوریا نییە و ئەگەر ھاوڵاتییانی ئەو دوو وڵاتە بیانەوێت گەشت بۆ روسیا بکەن دەبێت ڤیزای ئەو وڵاتە بەدەستبھێنن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە ھاوڵاتییان لە رێگەی بیلاروسیاوە بەرە و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کۆچدەکەن و لە ئێستادا ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە سنورەکانی نێوان بیلاروسیا و لیتوانیا وپۆڵەندا دۆخێکی سەخت دەگوزەرێنن.