سەردێڕ:

ئەڵمانیا داوادەکات یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر بیلاروسیادا بسەپێنێت

PM:03:59:10/11/2021

2436 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری سەپاندنی سزای نوێ دەکات بۆسەر بیلاڕوسیا، بەهۆکاری ئەوەی سەرۆکی ئەو وڵاتە تۆمەتبارە بەناردنی پەنابەران بۆ سنوری ئەڵمانیا لەگەڵ پۆڵەندا. دەشڵێت، "ئەمەش کارێکی بێویژدانانەیە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "سزای هەر کەسێک دەدەین کە رۆڵی هەبێت لە رەوانەکردنی پەنابەران بۆ مەبەستێکی دیاریکراو."

ئاماژەی بەوەشدا، "یەکێتی ئەوروپا کاردەکات بۆ سەپاندن و درێژەدان بە سزاکانی بۆسەر رژێمی لۆکاشینکۆ".

لەبارەی دۆخی پەنابەران لەسەر سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە "کارەسات" وەسف کرد.

هەروەها، ئەلێکسندەر لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلاروسیای بە "هەڵسوڕێنەری گەردەلوولێکی بەردەوام لە گەورەبووندا" تۆمەتبار کرد کە دەڵێت، "دەرچوون لێی ئەستەمە."

هایکۆ ماس راشیگەیاند، یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزا بەرامبەر وڵاتان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کە رۆڵی خراپیان هەیە لە ناردنی پەنابەران بۆ بیلاروسیا.

وتیشی، "نابێت رێگە بدرێت هیچ لایەنێك کە هاوبەش بێت لەگەڵ لۆکاشینکۆ لەو چالاکییە نامرۆییانەیدا و لە سزاکان رزگاری بێت."

هاوکات، هۆشداریدا لەوەی کە ئەوان وەک یەکێتی ئەوروپا دەبێت پەند لەم رووداوە وەربگرن و رێگەنەدەن لە مێژوودا دووبارە ببێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەرپرسە ئەوروپییەکان ئەلێکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە لە رێگەی هێنانی پەنابەران بۆ سنورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی لیتوانیا و لاتیڤیا و پۆڵەندا، کە هەرسێکیان وڵاتانی ئەندامن لە یەکیتی ئەوروپادا. میدیا جیهانییەکانیش باس لەوەدەکەن، ئەم کارەی لۆکاشینکۆ وەک هەوڵێک دەردەکەوێت لەپێناو بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەی ئەو سزایانەی کە یەکێتی ئەوروپا سەپاندوویەتی بەسەر وڵاتەکەیدا لە سەروبەندی هەڵمەتی سەرکوتکردنی لایەنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا.













گەلەری