سەردێڕ:

لە ئەنجامی داڕووخانی باڵەخانەیەک لە تورکیا ١٣ کەس برینداربوون

AM:10:04:10/11/2021

3648 جار خوێندراوەتەوە

لە پارێزگای مه‌ڵاتیا لە خۆرهه‌ڵاتی توركیا باڵەخانەیەک داڕووخا و بەهۆیەوە ١٣ کەس برینداربوون.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، لە شارۆچکەی یەشیلیورت لە پارێزگای مەڵاتیا لە خۆرهەڵاتی تورکیا باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی بەهۆکارێکی نەزانراو رووخاو و بەهۆیەوە ١٣ کەس برینداربوون. کە نهۆمی زەمینی باڵەخانەکە چەند دوکانێک بووە.

لەلایەن خۆیەوە، سه‌رۆكایه‌تی به‌رێوه‌بردنی كاره‌سات و دۆخه‌ له‌ناكاوه‌كان له‌ توركیا (ئافاد) ئاشکرایکرد، لە شارەکانی ئادیامان، ئەلعەزیز، ئامەد، مه‌ڕه‌ش، بینگۆل، ئەرزەڕۆم، سێواس و ئاداناوە تیمی فریاگوزارییان رەوانەی مەڵاتیا کردووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵو ئاماژەی بەوەشدا، دوای رووداوەکە تیمە فریاگوزارییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ١٣ کەس بە برینداریی رزگار بکەن و بە ئامبوڵانس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

ئایدن باروش پارێزگاری مەڵاتیا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، "پێشبینی دەکەین ٢٠ کەس لەناو بیناکەدا بووبن و تیمە فریاگوزارییەکانیش بەردەوامن لە گەڕان".

ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە وتەی شایەتحاڵەکان بەدرێژایی رۆژ لە شوێنکارێکی ناو بیناکەدا کاری نۆژەنکردنەوە ئەنجامدراوە.

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، کامێرای چاودێری یەکێک لە شوێنکارەکانی نزیک بیناکە، گرتەی ساتی رووداوەکەی تۆمار کردووە، کە ئەوە نیشان دەدات لە کاتێکدا چەند هاوڵاتییەک بەسەر شۆستەی بەردەم بیناکەدا تێپەڕیون لە ناکاو تەپوتۆز به‌رز ده‌بێته‌وه‌، بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین، چەند ئۆتۆمبێلێک خۆیان کێشاوە بە شۆستەی بەردەم بیناکەدا و وەستاون.

لەلایەن خۆیەوە، رەجەب بەنتی بەڕێوه‌بەری تەندروستی شارەکە، دەرباره‌ی رەوشی بریندارەکان ئاشکرا یکرد، لە کۆی ١٣ بریندار رەوشی تەندروستی ١١یان جێگیرە و رەوشی تەندروستی دوو بریندارەکەی دیکەش مامناوەندە.













گەلەری