سەردێڕ:

ھەڵوێستێکی نوێی ھادی عامری لەبارەی ھێرش بۆ سەر کازمی

AM:08:07:10/11/2021

4200 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، عێراق چیتر بەرگەی گرژی زیاتر ناگرێت و داوای لە لایەنەکان کرد ھێمنی بپارێزن.


ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە بارەی رەوشی عێراقەوە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا ھاتووە، "پێویستە چارەسەری گرژییەکانی وڵات بۆ یاسا و ئەو لیژنەیە جێ بھێڵدرێت کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی دژ بە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکان و بە ئامانج گرتنی ماڵی سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی".
ئاماژەی بەوەشداوە، "ھەموومان متمانەمان بە یاسا و دادپەروەری ھەیە. داوای پاراستنی ھێمنیش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین. چونکە عێراق توانای بەرگە گرتنی گرژی زیاتری نەماوە. پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەرپرسیاریەتی ھەمووانە". 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی شاری بەغدا و لە ھێرشەکە بێ ئەوەی ھیچ زیانێکی گیانی و جەستەیی بەربکەوێت رزگاری بوو.
لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی رۆژی ٥ی تشرینی دووەمی گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە ناڕەزایەتییان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نیشاندا، گرژی لێ کەوتەوە و لە ئەنجامی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرێک کوژرا.
دوابەدوای ئەوەش، گرووپەکانی نزیک لە ئێران بە زمانێکی توند رەخنەیان لە مستەفا کازمی گرت و ھەڕەشەیان لێ کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە کوشتنی خۆپیشاندەرەکە بە بێ سزا تێپەڕ نابێت.












گەلەری