سەردێڕ:

لە حکومەتی عێراقەوە بۆ کۆچبەرانی بیلاڕوسیا؛ پارەیان بۆ تەرخاندەکەین

PM:08:09:09/11/2021

20040 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، ٢٠٠ هەزار دۆلار تەرخانبکات بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی گیریانخواردووە لە سنورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا و لیتوانیادا و بەشێوەی ئارەزومەندانە دەیانەوێت و بگەڕێنەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا هاتووە، کە دەبێت بڕی ٢٠٠ هەزار دۆلار کە دەکاتە ٣٠٠ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی دەرەوە تەرخانبکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕە پارەیە وەکو یەدەگی فریاگوزاری بۆ ئەو کۆچبەرانە تەرخاندەکرێت کە گیریانخواردووە لە سنورەکانی بیلاروسیا و پۆڵەندا و لیتوانیا و خەرجی گەڕانەوەیان بێبەرامبەر دەبێت، ئەگەر خۆیان بیانەوێت بگەڕێنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەھۆی خراپی دۆخی گوزەرانی خێزانەکان و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نەبوونی ھەلی کار و خزمەتگوزاری پێویست و سەرەتایی وەک ئاو و کارەبا و رێگەوبان و لە وەرزی زستاندا، سەرھەڵدانی قەیرانی سوتەمەنی، ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و گەنجانی ھەرێم روویان لە وڵاتی بیلاروسیا کردووە تا لەوێوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەڕێبکەون.

 

دوێنێ، ئۆرسۆلا ڤون دەرلاین سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا دەڵێت، "پێویستە بیلاڕوسیا دەستبەرداری بەكارھێنانی مرۆڤ بێت و ژیانیان نەخاتە مەترسیەوە و پەنابەران بە مەبەستی سیاسی بەكارنەھێنێت چونكە ئەو ھەوڵەی بێ ئەنجامە."

هاوکات، حكومەتی پۆڵەنداش ئەوەی خستووەتەڕوو، حكومەتی بیلاڕوسیا لێشاوی پەنابەرانی دروستكردووە بۆ ئەوەی پۆڵەندا و لیتوانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ناچاربكات كە گەمارۆكانی لەسەر لابەرن.

 













گەلەری