سەردێڕ:

چوار کەشتیوانی بۆشایی ئاسمان بەسەرکەوتوویی گەڕانەوە

PM:01:29:09/11/2021

2724 جار خوێندراوەتەوە

چوار کەشتیوان توانییان بە سەرکەوتوویی بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی، دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان مانەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، چوار کەشتیوانی ئاسمانی نێودەوڵەتی، تۆما بیسکییەی فەرەنسی و ئاکیھیکۆ ھۆشیدی ژاپۆنی و شاین کۆمبر و مێگن ماکی ئەمریکی، دوای ئەوەی بۆماوی ٢٠٠ رۆژ لە خولگەی زەوی سەرقاڵی ئەرکی کۆرۆ-٢ بوون، بەسەرکەوتوویی بۆ سەر زەوی گەڕانەوە.
کەشتیوانەکان لە گەشتێکی مەترسیداردا لە فلۆریدا نیشتنەوە، لەو کەپسولەی لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە دروستکراوە و ناوی دراگۆنی لێنراوە.
کەپسولەکە ٢٤٠ کیلۆ گرام  کەرەستەی زانستی و تاقیکردنەوەیی تێدا ھەڵگیرابوو، کە چوار کەشتیوانەکە بۆ ماوەی شەش مانگ لە گەشتە ئاسمانییەکەیاندا  کاریان لەسەر کردبوون.
ھاوکات، دەرچوونی کەپسولەکە لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمانەوە لە کاتژمێر  ٧ و ٥ خولەک بووە بە کاتی گرێنج وەک ئەوەی پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو.
کرۆ-٢ دووەم ئەرکی کۆمپانیای سپەیس ئێکسە کە ئیلۆن مەسک خاوەندارێتی دەکات لە بەرژەوەندی ناسا، ئەم کارەش ھەلی ئەوەی بە ئاژانسە ئەمریکیەکە بەخشییەوە دوبارە دەست بە ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی  لەسەر خاکەکەی بکاتەوە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١وە راگیرابوو.
وێستگەی نیوودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان  شانزە وڵات ھاوکاری دەکەن، کە لە ساڵی ١٩٩٨دا ھەڵدرایە بۆشای ئاسمانەوە و بڕی ١٠٠ ملیار دۆلار تێچووەکەی بووە، بەشی زۆری پارەکەی لەلایەن روسیا و ئەمریکاوە دابین کراوە.
کێشی ناوەندەکەش بریتییە لە  ٤٥٠  تۆن بە بەرزایی ٤٠٠ ھەزار مەتر لە زەوییەوە دەسوڕێتەوە و ھەر ٩٠ خولەک جارێک خولێک تەواو دەکات، ھەر بۆیە کەشتیوانەکان لەناویدا ھەر ٤٥ خولەک جارێک خۆر ھەڵاتن و خۆر ئاوابوون دەبینن.












گەلەری