سەردێڕ:

شایستە داراییەکانی جوتیاران دابەشدەکرێت

PM:02:02:08/11/2021

4352 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕە پارەی شایستە داراییەکانی ئەو جوتیارانە دابەشدەکرێت کە لە ساڵی ٢٠٢١ گەنمیان بە حکومەت فرۆشتووە.


ئەمرۆ دووشەممە، باسم نەعیم عەکیلی بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، حکومەت دەست دەکات بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی ئەو جوتیارانەی ساڵی ٢٠٢١ گەنمیان بە حکومەت فرۆشتووە.
ئاماژەی بەوەشدا، عەلا ئەحمەد جبوری وەزیری بازرگانی عێراق لەپەیوەندی لەگەڵ سەرجەم بانکەکان و لقەکانیان لەسەرجەم پارێزگاکانی وڵاتدا ئاگاداری کردوونەتەوە بە ھەماھەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی پەلە بکرێت لە دابەشکردنی بڕە پارەی شایستە داراییەکانی جوتیاران. 
ئەوەشی خستەڕوو، لقی پارێزگای موسەننا دەستی کردووە بە وردبینی کردنی چەکەکان و دابەشکردنی بەسەر جوتیاراندا بەگوێرەی ریزبەندییەک کێ لەپێشتربێت لە فرۆشتنی گەنمەکەیدا دەدرێت بەو کەسانە کە بڕەکەی بریتییە لە ملیارێک و ٣٨٨ ملیۆن دینار.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی رابردوودا وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، چەکێکیان بەبڕی ١٤٩ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ پارەی گەنمی ئەمساڵ بۆ ھەرێم و بەغدا تەرخانکردووە. 
ھێشتا بەشێک لە جوتیارانی ھەرێم شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردوویان وەرنەگرتووە و تائێستاش دیارنییە کە کۆی پارەی ساڵانی رابردوویان وەک شایستەی دارایی گەنم وەردەگرن یان نا.












گەلەری