سەردێڕ:

بەڤیدیۆ.. ئەو هێزە کێ بوون شەوی رابردوو لەبەغدا بڵاوەیان پێکرابوو

AM:09:31:08/11/2021

10848 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو هێزێکی زرێپۆش پاراستنی ئاسایشی بەغدایان گرتە ئەستۆ، ئەو هێزە کێ بوون و تاکەی بەردەوام دەبن؟


شەوی رابردوو بەغدا بەراورد بەدوێنێ، شەوێکی هێمنی بەڕێکرد، گەرچی بۆ یەکەمجار دوای ساڵانێکی زۆر ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش لەسەر شەقامەکانی شاری بەغدا بڵاویان پێکرابوو.

ئەو هێزە کێ بوو؟

چەند کاتژمێری رابردوو سەخترین کاتژمێرەکانی مستەفا کازمی بوون بەدرێژایی ماوەی حکومڕانییەکەی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڵاوەپێکردنی هێزێکی جێی متمانەش لەم کاتەدا لەسەر شەقامەکان سەختترین بڕیاربوو.

بەپێی چاوگێکی ئاگادار مستەفا کازمی پەنای بۆ فیرقەی نۆی زرێپۆش بردووە، بۆ پاراستنی ناوچەی کەرادەو هەندێکی شوێنی نزیکی ناوچەی سەوز.

بەپێی چاوگێکی ئاگادار، هێزە زرێپۆشەکە بەتەواوی چەکی قورسەوە ئەو شوێنەیان گرتبوو لەگەڵ بوونی دەیان ئۆتۆمبیلی جۆری هامەر.

جگە لەو هێزەش تیمێکی دەزگای هەواڵگری لەبەغداو میسان بڵاوەیان پێکرابوو.

ئەو چاوگە سەبارەت بەوادەی مانەوەشیان بەئێن ئاڕتی رایگەیاند:"هێزەکە تاوەکو ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەکە بەپێی ئەو ئەرکانەی پێیان دەسپێردرێت دابەش دەبن".

 

کازمی چی ووت؟

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەدوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رایگەیاند:" ئەوانەی دوێنێ ھێرشیانکردە سەر ماڵەکەم دەیانناسینەوە و دەستگیریان دەکەین."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، وڵات دووچاری چەند ئاڵەنگارییەک بوەتەوە و توانیومانە ئەو جۆرە هەوڵانە پوچەك بکەنەوە و قەیرانی ئابووری و تەندروستی و داڕمانی نرخی نەوت تێبپەڕێنن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، ''توانیومانە داواکاری گەل و مەرجەعیەت و خۆپیشاندەران بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەجێ بگەیەنین.''

مستەفا کازمی راشیگەیاند، عێراق لە پەلکێشکردنی شەڕی هەرێمی رزگاربکەن و ئێستا وڵات لە دۆخێکی ئارامدایە.

شەوی شەممەی رابردوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق روبەڕوی هەوڵێکی کوشتنی شکستخواردوو بووەوە کاتێک لە رێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر ماڵەکەی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا.

دوابەدوای هێرشەکە کازمی وتی، "موشەکە ترسنۆک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ترسنۆکەکان وڵات بونیادنانێن و دواڕۆژ بونیادنانێن."














گەلەری