سەردێڕ:

کاردانەوەکانی ھەوڵی کوشتنی کازمی

AM:10:07:07/11/2021

4968 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە نوسینگەی سیستانیەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مەرجەعییەتی باڵا ئیدانەی ئەو ھەوڵە شکستخواردووە دەکات کە سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە ئامانج گرت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، چاوگێک لە نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای بەشێک لە شیعەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مەرجەعییەتی باڵا ئیدانەی ھەوڵە شکستخواردووەکەی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
ھەروەھا، بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، رێگەنادەن عێراق بۆ ناو بێسەرەوبەرییەک راپێچبکرێت و سیستمی دەستوری وڵات ھەڵبگەڕێنرێتەوە.
داواشیکرد، ھەموو لایەک یەک ھەڵوێستبن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو شەڕەنگێزانەی چاویان لەسەر ئاسایش و سەلامەتی عێراق و گەلەکەیەتی.
لەلایەن خۆیەوە، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر، لە تویتەری خۆی رایگەیاند، "ئەو کارە تیرۆرستییەی باڵاترین لایەنی لە وڵاتدا بە ئامانج گرت، بە ئاشکرا دیارە عێراق و گەلەکەی  و سەقامگیری و ئاسایشی بە ئامانج گرتووە". 
ئاماژەی بەوەشدا، پێیوستە ھێزە چەکدارەکان ئەمنییەکان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن، تا عێراق رزگاری دەبێت و بەھێز دەبێتەوە.
ھاوکات، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران لە تویتەری خۆی رایگەیاند، ھەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق فیتنەیەکی تازەی خۆرئاوایە.
ئاماژەی بەوەشدا، "پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت لە ناوەندەکانی فکری بێگانەکاندا کە چەندین ساڵە جگە لە پشتیوانی کردنی گروپە تیرۆرستییەکان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و گەلە ستەمدیدەکەی ھیچی تریان بۆ نەھێناوە".
پێشتریش،  نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا راگەیاند، "بەدواداچون بۆ ھەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرش کراوەتە سەر شوێنی مانەوەی."
ئەمە لەکاتێکدایە، درەنگانێکی ئەمشەو بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو ھێرشکرایەسەر شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کازمی دەڵێت، "من سەلامەتم."












گەلەری