سەردێڕ:

ھەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق درا

AM:04:58:07/11/2021

36236 جار خوێندراوەتەوە

درەنگانێکی ئەمشەو بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو ھێرشکرایەسەر شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کازمی دەڵێت، "من سەلامەتم."


شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو ئۆفیسی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت کرایە ئامانج.
شانەی ئەمنی دەشڵێت، "ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی دراوە و ناوبراو رزگاری بووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێزە ئەمنییەکان بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی ئەو ھەوڵەوە لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە. 
ھاوکات، مستەفا کازمی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "من باشم سوپاس بۆ خوا لەناو گەلەکەمدام و داوای ئارامی لە هەمووان دەکەم بۆ عێراق." 
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، "من لە رابردوو و لە ئێستاشدا پرۆژەی قوربانی بووم بۆ عێراق و خەڵکەکەی، موشەکەکانی ناپاکی ساردمان ناکاتەوە."
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وتەیەکیدا لەبارەی ھێرشەکانی بۆسەر ماڵەکەی رایگەیاند، "موشەکەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ترسنۆکەکان نیشتمان و داھاتووی ئێمە دروستناکەن".
ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە کاردەین لەسەر دامەزراندنی نیشتیمانەکەمان لە رێگەی رێزگرتن لە دەوڵەت و دامەزراوەکانی  و دامەزراندنی داھاتوویەکی باشتر بۆ ھەموو عێراقییەکان".
ھاوکات، داوای گفتوگۆی لەلایەنەکان کرد بە ئامانجی دروستکردنی عێراق و داھاتووەکەی.







گەلەری

‌بەپەلە