سەردێڕ:

ئۆپیک رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی مانگی داهاتووی بۆ عێراق دیاری کرد

PM:01:18:06/11/2021

3676 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاند، لە مانگی کانونی یەکەمدا عێراق دەبێت رۆژانە چوار ملیۆن و ٢٣٧ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت.


ئەمڕۆ شەممە، رێکخراوی ئۆپیک خشتەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندامی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە مانگی کانونی دووەمدا دەبێت عێراق رۆژانە چوار ملیۆن و ٢٣٧ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت دوای ئەوەی رێککەوتن کراوە لە سەر زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوەکە بە رێژەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق لە مانگی تشرینی دووەمەوە رۆژانە ٤٤ هەزار بەرمیل نەوتی زیادەی بەرهەمهێناوە، لەمانگی تشرینی یەکەمیشدا رۆژانە ٨٨ هەزار بەرمیل نەوتی زیادەی بەرهەمهێناوە کە لە کۆی مانگەکەدا بڕی چوار ملیۆن و ١٩٣ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پشکی رێکخراوی ئۆپیک لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بریتیە لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و بەمەش لە مانگی کانونی یەکەمدا دەگاتە ٢٥٣ هەزار بەرمیل تا لە رۆژیکدا ٢٤ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنرێت.

رێکخراوەکە لە درێژەی خشتەکەیدا دەشڵێت، پشکی هاوپەیمانەکانی رێکخراوەکە دەگاتە ١٤٧ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو و بەمەش کۆی پشکەکانیان لە رۆژێکدا دەگاتە ١٥ ملیۆن و ٧٩٤ هەزار بەرمیل.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی بەرهەمهێنانی زیادەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژیکدا.













گەلەری