کوردێکی پسپۆری راوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو لە لەندەن رایگەیاندووە، ئەو حەبانەی بۆ کۆرۆنا بەرهەمهێندراون کاریگەرییان بەهێزە، بەڵام دەبێت ڤاکسین هەر بەکاربهێندرێت.
عارف گۆران پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو لە لەندەن رایگەیاندووە، رێکخراوی چاودێری دەرمانی بەریتانیا بڕیاریدا حەبی مۆلنوپیراڤیر (Molnupiravir) بۆ چارەسەری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربھێنرێت.
وتووشییەتی، ئەو دەرمانە پێشتر بۆ چارەسەری ئەنفلوەنزا بەرھەمھێنراوە بەڵام
لێکۆلینەوەیەک بە بەشداری ٧٧٥ تووشبوانی کۆرۆنا دەریخست ئەو دەرمانە زۆر کاریگەرەو
مردن و پێویستیبوون بە نەخۆشخانە بە رێژەی ٥٠٪ کەمدەکاتەوە . دیارە لە چەند مانگی
داھاتوو ئەو دەرمانە بە رێژەیەکی زۆر بەکاردەھێنرێت و ئەو کاتە رێژەی کاریگەری ئەو
دەرمانە زیاتر ئاشکرا دەبێت.
باسی لەوەشکردووە، بەریتانیا یەکەم وڵات بوو ڤاکسینی کۆرۆناي بەكارهێنا، ئەمجارەش
دەستپێشخەریکرد لە ڕێگەپێدان بۆ بەکارھێنانی ئەو دەرمانە، دەبێت ئەوە بوترێت، کە دەزگای
چاودێری دەرمانی بەریتانی ئەگەر دڵنیا نەبێت لە کاریگەری و سەلامەتی ھەر دەرمانێک
بە ھیچ شێوەیەک ڕێگا نادات بەکاربھێنريت.
ئەو پزیشکە دەڵێت، ئەم دەرمانە بە شێوەی حەبە و لە سەرەتای توشبوون بە ڤایرۆسەکە
بەکاردەھێنرێت، دەبێت لە ماوەی پێنج ڕۆژی یەکەمی توشبوون بە ڤایرۆسەکە بەکاربھێنرێت
ئەو حەبە کاریگەری ئەو ئەنزیمە کەمدەکاتەوە، کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی ڤایرۆسەکە لە
لەشی مرۆڤ، بەمەش توندوتیژی پەتاکە و مردن کەمدەکاتەوە. لەبەر ئەوەی دەرمانەکە بە
شێوەی حەبە و لە رووی کرداریەوە بەکارھێنانی ئاسانە و نەخۆش پێویست ناكات سەردانی
نەخۆشخانە بکات .
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھاوشێوەی ئەو دەرمانە ئەمڕۆ کۆمپانیای فایزەر رایگەیاند
دەرمانێکی درووستکردوە بە ناوی پاکسلۆڤید ( Paxlovid
) لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن ئەو حەبە مردن و پێویستیبوون بە نەخۆشخانە بە رێژەی
٨٩ ٪ کەمدەکاتەوە . کە دەبێت لە سەرەتای سەرھەڵدانی نیشانەکانی کۆرۆنا بەکاربھێنرێت.
ئەو پزیشکە راشیگەیاندووە، رێژەی توشبون بە کۆرۆنا لە نێوان ئەو کەسانەی ھەردوو
ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر کەمە، بەڵام وا دەردەکەوێت بە تێپەربوونی کات کاریگەری
ڤاکسینەکان ھەندێک کەمدەبێتەوە، ھەربۆیە تێبینی ئەوەکراوە بەشێکی ئەو نەخۆشانەش، کە
ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە توشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە
چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت و ئێمە لە نەخۆشخانەکانی خۆمان بە شێوەیەکی روون ئەو
راستیە دەبینین.
عارف گۆران نووسیویەتی، "دەبێت ئەوە بگوترێت تا ئێستا ھیچ داتایەکی یەکلاکەرەوە
نییە، کە رێژەی توشبوون بە پەتاکە بە شێوەیەکی توند لەو کەسانەی ھەر دوو ژەمی ڤاکسینینان
وەرگرتووە نیشان بدات، لێکۆڵینەوەیەکی بچوک لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا ئەوە دەردەخات
رێژەی مردن لە نێوان ئەو گروپەی، کە بە تەواوی ڤاکسین کراون زۆر زۆر کەمە، تێبینیکراوە
مردن زیاتر لە نێوان ئەو کەسانە بووە، کە بە تەمەنن یاخود نەخۆشی تریان ھەیە، وەک
بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشی شەکرە یا زۆر قەلەون. ھەر بۆیە لە قۆناغی یەکەم ئەو دەرمانە
بەو گروپە لە نەخۆشەکان دەدرێت تەنانەت ئەگەر ڤاکسینیشیان وەرگرتبێت بۆ کەمکردنەوەی
رێژەی مردن ."
بە هاوڵاتیانی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو دەرمانە نوێیانە جێگای ڤاکسین
ناگرێتەوە، بۆیە ھیوادارم خەڵک بەردەوام بن لە وەرگرتنی ڤاکسین، بە تایبەت ئەوانەی
بە تەمەنن یان ھەڵگری نەخۆشین. ئەوەی بە تەواوی یەکلابووەتەوە لە سەرانسەری جیھان ڤاکسین
رێژەی مردن بە ھۆی کۆرۆنا یەکجار یەکجار کەمدەکاتەوە."