ئاژانسی ناسای ئەمریکی رایگەیاند، کەشتی ئاسمانی "دارت" نمایش کردووە بەنیازە رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات بۆ ئەنجامدانی یەکەم کاری پارێزگاریکردنی زەوی و دورخستنەوەی لە ئەگەری روودانی پێکدادان لە نێوان ھەسارۆچکەکان و زەویدا.
ئاژانسی ناسا رایگەیاند، پلانی ھەیە ئەم مانگە کەشتی "دارت" بنێرێتە دەرەوەی گۆی زەوی بۆ تێکشکاندنی ھەسارۆچکەکان و دوورخستنەوەی کاریگەرییان لەسەر زەوی.
ئاژانسی ناسا لەو باوەڕەدایە، نزیکبوونەوەی تەن و ھەسارۆچکەکان مەترسییەکی پێشبینیکراون بۆسەر زەوی.
ھاوکات، ئاژانسی رۆیتەر بڵاویکردەوە، دارت لە ٢٤ی ئەم مانگە رەوانەی دەرەوەی گۆی زەوی دەکرێت بە ئامانجی تێکشکاندنی ھەسارۆچکەی دیدیمۆس.
لیندلی جۆنسن، ئەفسەری بەرگریکردن لە ھەسارۆچکەکان رایگەیاند، دەیانەوێت بزانن چۆن کەشتییەکان کار لەسەر تێکشکانی ھەسارۆچکەکان دەکەن و وەڵامییان چۆن دەبێت لەکاتی بەریەککەوتنیاندا.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو چەند جارێک تەن و ھەسارۆچکە بە ئاراستەی زەوی ھاتوون و گەردونناسان پێشبینی دروستبوونی مەترسییان کردووە لە ئەگەری پێکدادانی تەن و ھەسارۆچکەکان بە زەویدا. بۆ رەواندنەوەی ئەم ترس و ئەگەرانە، ئاژانسی ناسا پلانی داناوە بۆ رەوانەکردنی کەشتی بۆ دەرەوەی زەوی بە ئامانجی تەقاندنەوە یان گۆڕینی ئاراستەی تەن و ھەسارۆچکەکان.