ماڵپەڕێکی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، شارەوانییەکانی ھۆڵەندا لەرێگەی کۆمپانیایەکی تایبەتەوە جاسوسی بەسەر مزگەوتەکانەوە دەدەن و ئەمەش رەوەندی مسوڵمانانی لەو وڵاتەدا توڕەکردووە.
ماڵپەڕی لو کوریی ئینتەرناسیۆناڵ-ی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، دەیان شارەوانی ھۆڵەندا جاسوسی بەسەر مزگەوتەکانەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چی لەناو مزگەوتەکاندا دەگوزەرێت و ئەمەش بووەتە ھۆی توڕەبوونی رەوەندی مسوڵمانان لەو وڵاتەدا.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستوتەڕوو، ئەو شارەوانیانە ھەستاون بە راسپاردنی کۆمپانیای نوانس دۆر ترەینینگ ئاند ئەدڤایسس بۆ ئاگاداربوون و کۆنترۆڵکردنی باس و چالاکییەکانی ناو مزگەوتەکان.
باسی لەوەشکردووە، ئەو شارەوانیانە بەبیانووی بەگژداچوونەوەی بیری توندڕەوی و چاودێریکردنی چەکدارە گەڕاوەکانی داعش لە سوریا و عێراق ئەو کارەیان کردووە.
ماڵپەڕە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کۆمپانیاکە داوای ٥٠ ملیۆن یۆرۆی کردووە بۆ جاسوسیکردن بەسەر مزگەوتەکان و کۆمەڵگە بە ئامانج گیراوەکان و بەدواداگەڕانی بیری توندڕەویی.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ھۆڵەندا ٣٨٠ مزگەوت ھەیە و ئەنجومەنی مسوڵمانانیش داوای روونکردنەوەی لە حکومەت کردووە و لەکاتی سەلماندنی ئەو کارەدا زیان بەر ناوی ئەو وڵاتەدەگات کە رێز لە یاسا و ئازادیی دەگرێت.