سەردێڕ:

بۆرسەیەکی ئەلیکترۆنی جیهانی کارەکانی لە عێراق و چەند وڵاتێک راگرت

PM:02:50:04/11/2021

3872 جار خوێندراوەتەوە

سەکۆی "بیناس" سەرجەم پرۆسەکان مامەڵەکانی پارەدانان و پارە راکێشانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکەکانی عێراق و ئێران و ئەفغانستان و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی و جیهانی راگرت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەکۆی "بیناس" رایگەیاند، هەریەک لە وڵاتەکانی عێراق و ئێران و لوبنان و لیبیا و ئەفغانستان و بەڕازیل و کۆریای باکور و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی و جیهانی سەرجەم مامەڵە بانکییەکانی بە دراوی دۆلار لە دانان و راکێشانی پارە راگرت.

ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەی ئەو وڵاتانەی ناتوانن مامەڵە داراییەکانیان لە کۆمەڵەی پەیوەندییەکانی دارایی جیهانی لە نێوان بانکەکەکاندا SWIFT ئەنجام بدەن زیاتر لە ٦٠ وڵاتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و چەند وڵاتێکی دیکەی جیهانی.

سەکۆی "بیناس" ئاشکرای کردووە، بڕیارەکە لە ١٩ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ روونکردنەوەیەکیشی لەبارەی گرتنە بەری ئەم هەنگاوە ئاشکرا نەکردووە.

گرتنەبەری ئەم رێوشوێنە بەواتای ئەوەدێت، کە وەبەرهێنەران لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان ناتوانن لەسەکۆی بیناسەوە ئاڵوگۆڕی دراو و دانانی دۆلار و راکێشانی دۆلار لە بانکە جیهانییەکان و مامەڵەی کڕین و فرۆشتن لە هەژمارە بانکییەکانیان ئەنجام بدەن.

بیناس، یەکێکە لەگەورەترین بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا و ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە و بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی فۆربس خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢٠بە باشترین بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی لە جیهاندا دانا.


کـ ، ئـ













گەلەری