سەردێڕ:

لەعێراق پێشینەیەکى ٨٠ ملیۆن دینارى بۆ دروستکردنى خانوو دەدرێتە هاوڵاتیان

AM:08:54:04/11/2021

39360 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند "لە دوو هەفتەى داهاتوودا ناوى سودمەندانى دەستپێشخەرى (ماڵەکەم) رادەگەیەنرێت بڕى ٨٠ ملیۆن دیناریان بۆ دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ خەرج دەکرێت".


سەباح عەبدولـلەتیف، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئاوەدانکردنەوە لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوە کرد "دەستپێشخەرى (ماڵەکەم) لەدواى تاوتوێکردنى چەند لایەنێکى گرنگ راگەیەندرا و لەماوەى دوو هەفتەى داهاتوو پەیوەندى بەو کەسانەوە دەکرێت کە ناویان بۆ دەستپێشخەرییەکە دەرچووە".

روونیشیکردەوە " لەچوارچێوەى دەستپێشخەرییەکەدا ٥٥٠ هەزار پارچە زەوى لەسەرجەمى پارێزگاکانى عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان دابەش دەکرێت کە زەوییەکان سەرجەمیان دەکەونە دەرەوەى ماستەرپلانى سەرەکى شارەکان".

راوێژکارەکەى کازمى ئاماژەى بەوە کرد "لەسەرجەمى پارێزگاکان زەوییەکان تەرخان کراوون و دەستپێشخەرییەکەش بەردەوام دەبێت".

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە پڕۆژەى دروستکردنى ٩١ هەزار یەکەى نیشتەجێبوونیان هەیە لە شارى سەدر لەبەغدا و ١٨ پڕۆژەى دیکەى هاوشێوە لە پارێزگاکانى دیکە".

سەباح عەبدولـلەتیف روونیشیکردەوە "کۆدەنگییەک هەیە بۆ هەموارکردنەوەى یاساى وەبەرهێنان و بۆ هەر ١٠٠ مەتر چوارگۆشەیەکی زەویش بڕى ٨٠ ملیۆن دینار وەک قەرز دەدرێتە هاوڵاتیان".

ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵى ٢٠١٤ەوە بەبیانووى قەیرانى دارایى و شەڕى داعش سەرجەمى پێشینەکان لە هەرێمى کوردستان راگیراوون.













گەلەری