تاڵیبان بەکارهێنانی دراوی بیانی لە ئەفغانستان قەدەغەکرد و بەپێی وتەی پسپۆڕانی ئابوری ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی خراپتربوونی ئابوری وڵاتەکە.
ئەم بڕیارە لەناکاوەی تاڵیبان چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی سەر نەخۆشخانە سەربازییەکەی کابوڵ هات کە بووە هۆی کوژرانی ٢٥ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٥٠ کەسی دیکە.
لەوبارەیەوە، وتەبێژی
تاڵیبان رایگەیاند، "رەوشی ئابوری و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان پێویستی بەوەیە
سەرجەم ئەفغانیەکان لە سەرجەم بازرگانییەکاندا دراوی ئەفغانی بەکاربهێنن."
بەکارهێنانی دۆلاری
ئەمەریکی لە بازاڕەکانی ئەفغانستان زۆر بەربڵاوە، لەکاتێکدا ناوچە سنورییەکان بۆ
بازرگانیکردن زیاتر دراوی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بەکاردەهێنن، لەوانەش
پاکستان.
حکومەتی تاڵیبان
لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو ملیاران دۆلارەی دەستبکەوێتەوە کە لە دەرەوەی ئەفغانستان سڕکراون،
لەکاتێکدا وڵاتەکە روبەڕوی قەیرانی دارایی و برسێتی و کۆچ بووەتەوە.