سەردێڕ:

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: لایەنەکان دەتوانن تا سێ رۆژی تر تانەکانیان پێشکەش بکەن

PM:03:26:02/11/2021

2744 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، لایەنەکان دەتوانن لە میانی سێ رۆژی دیکەدا، بە بەڵگەوە تانەکانیان پێشکەش بکەن.


حەسەن سەلمان بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، دووبارە دەرگای پێشکەشکردنی تانە و بەڵگەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ماوەی سێ رۆژ کراوەتەوە.

جەختیشیکردەوە، ئەنجامی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ئەو وێستگانەی کە تانەیان لێدراوە لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی، ھاوتا بوون.

حەسەن سەلمان ئاشکراشیکردووە، پێشتر زۆربەی لایەنەکان بەبێ بەڵگە، تانەکانیان پێشکەش کردووە و وتی، "ھەر لایەنێک بەڵگەی نوێی ھەیە دەتوانێت لە میانی سێ رۆژدا، پێشکەشی بکات".

باسی لەوەش کردووە، دوای یەکلایی کردنەوەی سەرجەم تانەکان، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەوەی پێدا بچێتەوە و راشیگەیاندووە کە پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان لە دەسەڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی دایە.

رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەچوو، دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەکەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەنجامی بەراوردکاری دەنگە دەستیی و ئەلیکترۆنییەکان، هاوتابوون".













گەلەری