سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەسەر ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا

PM:02:50:02/11/2021

22892 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراقدا دەنگ دراوە لەسەر ناردنی ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەی مانگانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، دەنگ درا له سەر ناردنی ئەو (٢٠٠) ملیار دینارەی کە مانگانە بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لەهەمان کاتدا دەنگیش دراوە بە ناردنی سێ مليار دينار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی ھەولێر.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، بڕیارە هەموو ٢٥ی مانگێک حکومەتی هەرێم موچە دابەشبکات و لەماوەیەکی کەمدا موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بدات، بەڵام ئەم مانگە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە و پرۆسەکە خاوبووەتەوە، بیانووی حکومەتیش ئەوە بوو، کە جوتیار عادل رایگەیاند، کێشەی کۆکردنەوەی داهاتیان هەیە.

لە ئێستاشدا کە بڕیارە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا بگاتە هەرێم، بەوپێیە دەبێت موچەی سەرجەم وەزارەتەکان لە کاتێکی کەمدا دابەشبکرێت.

رۆژی چوارشەممەى رابردوو، ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وەزارەتی دارایی کرد بە ئامانجی دابەشکردنی موچە داھاتی بەردەستی حکومەت بخرێنە سەر ھەژماری وەزارەتی دارایی، ھەر کاتێکیش ٢٠٠ ملیارەکە گەیشت موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکرێن.


 













گەلەری