سەردێڕ:

دادگای بەسرە سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژی دوو رۆژنامەنوس دەرکرد

PM:02:53:01/11/2021

3444 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی تۆمەتبار دانینا بە کوشتنی پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی دیجلە و کامێرەمانی ئاژانسی رابتڵی روسی بە مەبەستی نانەوەی پشێوی، دادگای تاوانی بەسرە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد.


ئەمرۆ دووشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تیادا هاتووە، دادگای تاوانی بەسرە سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەو تاوانبارە دەرکرد کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو دوو رۆژنامەنووسی کوشت.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، تاوانبار دانی بەوەدا ناوە کە هەریەک لە "ئەحمەد عەبدوسەمەد" پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی دیجلە و "سەفا عەبدولحەمید"ی کامێرەمانی ئاژانسی هەواڵی رابتڵی روسی لە خۆپیشاندانەکەی ٢٠٢٠ لە پارێزگای بەسرە کوشتووە.

راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەشداوە، تاوانبارەکە دانی بەوەداناوە ئەو کارەی بە ئامانجی نانەوەی پشێوی کردووە تا ترس بچێتە دڵی خەڵکەوە و کاری تیرۆریستی ئەنجامبدرێت.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سزاکە بە پشت بەستن بە مادەی چوار/١ و مادەی دوو / ١ و ٣ی یاسای دژە تیرۆری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥ بەستووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو لە ئەنجامی ناڕازی بوونی هاوڵاتییانی عێراق لە شاری بەسرەی باشوری وڵات، هاوشێوەی بەغدا و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندان دەستی پێکرد. لە کاتێکدا هەریەک لە "ئەحمەد عەبدوسەمەد" پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی دیجلە و "سەفا عەبدولحەمید"ی کامێرەمانی ئاژانسی هەواڵی رابتڵی روسی مەیدانی خۆپیشاندەران بەجێدەهێڵن دەدرێنە بەر دەسترێژی گولە دەستبەجێ ئەحمەد عەبدوسەمەد گیانیلەدەستدا و سەفا عەبدولحەمید بەسەختی بریندار دەبێت و دوای چەند کاتژمێرێک لە رووداوەکە ئەویش گیانیلەدەستدا.


کـ ، ئـ













گەلەری