سەردێڕ:

سبەینێ گروپى ٢٠ بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى گرنگ کۆدەبنەوە

PM:07:22:29/10/2021

3176 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەم جار دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گروپى ٢٠ ئامادەی کۆبونەوە دەبن لە شاری ڕۆما لە وڵاتی ئیتاڵیا.


وا بڕیارە کۆبوونەوەى گروپى ٢٠ لە ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ ى ئەم مانگە بەڕێوە بچێت و گرنگترین ئەو خاڵانەی کە تاوتوێ دەکرێت لە نێوان وڵاتانی زلهێزی بەشداربوو لەم کۆمەڵەیە بریتیه لە پرسی گۆڕانکاری کەشوهەوا و ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بوژاندنەوەی ئابوری جیهان.

ماریۆ دراغی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، کۆبونەوەی ئەمجارەی گروپەکە دەبێتە روناکییەک پاش ئەو پەرتەوازەیی و کەرەنتینەیەى کە بەهۆی کۆرۆناوە دروست بوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە سەرکردەی هەریەک لە وڵاتانی، روسیا و سعودیە و چین و ژاپۆن ئامادەی کۆبونەوەکە نابن بەڵام بەشێوەیەکی ئۆنلاین بەشداری دەکەن.

بیرۆكەی درووستبوونی لوتكەی بیست بۆ ساڵی ١٩٧٦ دەگەڕێتەوە، كە سەرەتا تەنیا ٧ وڵاتی پیشەسازی لەخۆ دەگرت ئەوانیش فەرەنسا ، ئەڵمانیا ، ئیتالیا ، كەنەدا، یابان ، بەریتانیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوون، ئەوكات بەناوی گرووپی ٧ ناسرا بوو، دواتر رووسیاش هاتە ناو كۆمەڵەكە و بوو بە گروپى (جى ٨).

لەساڵی ١٩٩٩ ، لەپەراوێزی كۆبوونەوەی لوتكەی (جى ٨) لە واشنتۆن، بەئامانجی بەهێزكردنی سەقامگیری دارایی نێودەوڵەتی و دۆزینەوەی دەرفەتی گفتوگۆ لەنێوان وڵاتانی پیشەسازی و وڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندا گروپی بیست دامەزرێنرا .

گرووپەكە لە ٢٠ دەوڵەت پێكدێت كە بریتین : وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ، كەنەدا ، مەكسیك ، بەرازیل ، ئەرجەنتین ، فەرەنسا ، بەریتانیا ، ئەڵمانیا ، ئیتاڵیا ، باشووری ئەفریقیا ، توركیا ، رووسیا ، چین ، یابان ، كۆریای باشوور ، هیندستان ،سعودییە ، ئوسترالیا، یەكێتی ئەوروپا .

گرووپی ٢٠ نزیكەی ٦٦% ژمارەی دانیشتووانی جیهان و ٧٥% بازرگانی نێودەوڵەتی و ٨٠% وەبەرهێنانی جیهانی و ٨٥% تێكڕای بەرهەمی جیهانی پێكدەهێنن .













گەلەری