سەردێڕ:

بایدن و ئەردۆغان کۆدەبنەوە

AM:09:07:29/10/2021

4204 جار خوێندراوەتەوە

چاوەڕێدەکرێت لە میانەی لوتکەی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان لە گلاسکۆ هەریەکە لە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک کۆماری تورکیا لە سکۆتلەندا کۆدەبنەوە و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاووتوێ دەکەن.


لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، جەیک سولەیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەراوێزی لوتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە گلاسکۆ کۆببنەوە.

تایبەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەمریکا و تورکیاش، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ جۆ بایدن گفتوگۆی ئەوەدەکات، کە حکومەتی ئەمریکا بەڵێنی ساڵی ٢٠١٩ی تایبەت بە دوورکەوتنەوەی گەریلاکانی رۆژئاوای کوردستان لە سنووری تورکیای بە دووریی ٣٠ کیلۆمەتر جێبەجێ نەکردووە.

بڕیارە رۆژی ٣١ی ئەم مانگە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە شاری گلاسکۆی سکۆتلەندا دەستپێبکات و تا رۆژی ١٢ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەنیازە لەرێگای ئەم کۆنفرانسە ساڵانەیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت وڵاتەکان کاری زیاتر بۆ روبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەن.

بۆ یەکەم جاریش، کۆنفرانسی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لەساڵی ١٩٩٥ لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.













گەلەری