سەردێڕ:

بەهۆی برسێتییەوە لە ئەفغانستان؛ هاوڵاتیان کچەکانیان دەفرۆشن

PM:10:56:28/10/2021

4472 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەفغانستانی کرد و کۆتایی بەسەردەمی ئەشرەف غەنی هێنا، لە ئێستادا دۆخی ئەفغانستان تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، کە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە خەڵکی کچەکانیان دەفرۆشن یان بەشوویان دەدەن.


لە ئێستادا دۆخی ئابووری ئەفغانستان لە خراپترین دۆخی مێژووییدایە، رێژەی بێکاری بەرزبووەتەوە، بەهای دراوەکەی دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە کە خانەوادە ئەفغانییەکان بەدوای هەر رێگا و دەرچەیەکدا بگەڕێن، تا لە خراپی دۆخی ئابوورییان رزگارییان ببێت.

خراپی دۆخی ئابووری و گوزەرانی هاوڵاتیی و خێزانە ئەفغانییەکان لە ئاستێکدایە، کە هەندێک لە خێزانە ئەفغانییەکان دەستیانکردووە بە فرۆشتنی پێداویستیی خانوو و ئۆتۆمبێلەکانیان، تەنانەت ئەو خێزانانەشی کە ئەوەیان دەستنەکەوتووە، هەستاون بە فرۆشتنی کچە منداڵەکانیان، یان تەنانەت بە شوودانییان.

لە یەکێک لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، باوکێک دوو کچە منداڵەکەی کە یەکێکیان "فریشە"ی تەمەن شەش ساڵان و شوکرییەی تەمەن تەنها "یەک ساڵ و نیو"ی فرۆشتووە، لەپێناو رزگارکردنی ژیانی خێزانەکەی و نەمردنیان لەبرسان.

ئەو باوکە، دوو کچەکەی بە دوو خانەوادەی ئەفغانستان و کچە تەمەن "یەک ساڵ و نیو"ەکەی بە تەنها "سێ هەزار و ٣٥٠ دۆلاری ئەمریکی" و کچە تەمەن "شەش" ساڵانەکەشی بە تەنها "دوو هەزار و ٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی" فرۆشتووە.

رۆژی ١٥ی مانگی ئابی ئەمساڵ، چەکدارانی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە.

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە.

روبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بە روبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکا و دوو هێندەی روبەری بەریتانیایە.













گەلەری