سەردێڕ:

فەرمی؛ فەیسبووک ناوی خۆی گۆڕی

PM:09:32:28/10/2021

40928 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمپانیای فەیسبووک بە فەرمی ناوی خۆی لە فەیسبوکەوە بۆ "مێتا" گۆڕی.


کەمێک پێش ئێستا، کۆمپانیای فەیسبوک لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "ناوی کۆمپانیاکەیان بۆ مێتا گۆڕی، ئەم هەنگاوەشی لەبەرامبەر ئەو رەخنە و گلەییانەی کە لەلایەن یاسا دانەران و پسپۆڕانەوە لەسەر هێزی کۆمپانیاکە لە بازاڕدا ئاڕاستەیان کراوە، گرتووەتەبەر".

 

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای فەیسبوکدا هاتووە، کە گۆڕانکارییەکە دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی هەموو "ئەپ"ە جیاواز و تەکنۆلۆژیاکانی کۆمپانیاکانەوە لە ژێر یەک ناو و براندی نوێدا.

لای خۆشییەوە، مارک زوکە بێرگ بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای فەیسبوک لە وتەیەکی راستەوخۆدا لەبارەی گۆڕینی ناوی کۆمپانیاکەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، "ناوە نوێیەکەی کۆمپانیاکە رەنگدانەوەی جەختکردنەوەیەتی لەسەر درووستکردنی (مێتاڤێرس)".

"مێتاڤێرس"، زاراوەکە لەسەرەتاوە دەگەڕێتەوە بۆ رۆمانێک سێ دەیە پێش ئێستا نووسراوە و کرۆکی سەرەکی رۆمانەکەش باسکردن بووە لە نادادپەروەری و لە ئێستاشدا، ئەو ناوە بەشێوەیەکی گشتی باس لە ژینگەیەکی بەشکراو لەنێو یەکتردا دەکات و تیایدا هاوڵاتیان لەرێگای بەکارهێنانی چەند ئامێرێکی جیاوازەوە بەدەستگەشتنیان بۆی دەبێت.

رۆژی چواری ئەم مانگەش، لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا، هەریەکە لە ئەپەکانی فەیسبوک، ئیسنتاگرام، واتسئەپی سەر بە کۆمپانیای فەیسبوک لەکار وەستان و پاش زیاتر لە هەشت کاتژمێر دەستیان بەکارکردەوە، قەبارەی زیانی راوەستانی ئەپەکانیش لەماوەی ئەو چەند کاتژمێرەدا، بە نزیکەی "حەوت ملیار دۆلاری ئەمریکی" مەزەندە دەکرێت.

کۆمپانیای فەیسبوک، کە لە ئێستادا بۆ "مێتا" گۆڕدراوە، لەساڵی ٢٠٠٤دا لەلایەن مارک زوکەبێرگ، ئیدواردۆ ساڤیرێن، دوستین مۆسکوڤیتز و کریس هوغسەوە دامەزرا، کە هەموویان خوێندکاری زانکۆی هارڤارد بوون.


 













گەلەری