سەردێڕ:

سێیەم هێرشی داعش لەم هەفتەیەدا؛ پۆلیسێکی فیدڕاڵی کوژرا

PM:06:23:28/10/2021

4224 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئەمنی لە سنوری داقوق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە گوندی خاشەی سنوری داقوق داعش هێرشی کردووە و بەهۆیەوە پۆلیسێکی فیدڕاڵی کوژراوە.


چاوگە ئەمنییەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داعش بە چەکی نیشان شکێن "قەناس" پۆلیسەکەی کردووەتە ئامانج و لە سەرەتادا برینداریکردووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە رووداوەکە لە گوندی خاشەی سنوری خانەقین بووە و پۆلیسەکە لە لیوای ٢٠ی پۆلیسی فیدڕاڵی بووە.

ئەوەش سێیەم هێرشی چەکدارانی داعشە لەم هەفتەیەدا.

دوێنێش، چاوگێکی ئەمنی ڕایگەیاند، لەهێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر خاڵێکی سەربازی سەر بە سوپای عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، چەکدارانی سەر بە گروپی چەکداری داعش هێرشیانکردەسەر گوندی رەشادی سەر بە قەزای میقدادیەی سەر بە پارێزگای دیالە، لە ئەنجامیشدا ١٣ کەس کوژران و ٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەی قوربانییەکان کەسانی مەدەنی بوون.

 

هەرچەندە لەساڵى ٢٠١٧ حکومەتى عێراق کۆتاییهاتنى داعشى راگەیاند، بەڵام ناو بە ناو چەکدارانى سەر بەو گروپە هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان، لە ماوەی رابردووشدا هێرشەکانیان زیاتر کردووە.













گەلەری