وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، شاندەکەیان سەرکەوتوو بووە لەگفتوگۆکانیدا لەگەڵ شاندی ئەمەریکی لەبارەی دەرکردنی بڕیاری پارێزراوبوونی ئاسمانی عێراق لەبەردەم فڕۆکە گەشتیارییەکاندا. دەشڵێت، "ئەمەریکا ئاسمانی عێراقی بە پارێزراو ناساند".
ئەمڕۆ چوارشەممە، حەیدەر زافر بەڕێوەبەری یەکەی ناوچە لە کۆمپانیای گشتی خزمەتگوزارییەکانی گەشتی ئاسمانی سەربە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ ئیدارەی فڕۆکەوانی ئەمەریکی بەهۆی سەرهەڵدانی گروپی چەکداری داعشەوە ئاسمانی عێراقی وەک رێگەیەکی نەپارێزراو لەبەردەم سەرجەم گەشتی فڕۆکە نێودەوڵەتییەکان بەهەموو بەرزاییەکانییەوە ناساند.
ئاماژەی بەوەشدا،
بەهۆی ئەم قەدەغەکردنەوە، چەند شارێکی عێراق بەتەواوەتی تێپەڕبوونی فڕۆکە نێودەوڵەتییەکانی
بە رێگەی ئاسمانیدا تێدا قەدەغەکرا.
حەیدەر زافر ئەوەشی
خستەڕوو، بڕیارەکە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای گەشتی ئاسمانی رێگەی
ئاسمانی عێراق بەکارنەهێنن لە ترسی ئەگەری روودانی هێرش بۆسەر فڕۆکەکان لەلایەن چەکدارانی
گروپی داعشەوە، بەمەش کە ژمارەی ئەو فڕۆکانەی بەسەر ئاسمانی عێراقدا تێپەڕدەبوون کەمبووەوە
بۆ ٣٠ فڕۆکە لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا پێش ٢٠١٤ رۆژانە ٧٠٠ فڕۆکە بەسەر ئاسمانی عێراقدا
تێپەڕدەبوون.
باسی لەوەشکرد،
رێگەی ئاسمانی عێراق ماوەی گەشتەکان بۆ ئەوروپا کەمدەکاتەوە و بەمەش فڕۆکەکان سوتەمەنییەکی
کەمتر دەسوتێنن.
ئەمە لەکاتێکدایە،
لەساڵی ٢٠١٤ بەهۆی سەرهەڵدانی گروپی چەکداری داعشەوە و دەستگرتنی بەسەر روبەرێکی
فراوانی خاکی عێراقدا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و کۆمپانیای فڕۆکەوانی جیهانی گەشتی
فڕۆکە نێودەوڵەتییەکانیان لە رێگەی ئاسمانی عێراقەوە راگرت بەهۆکاری هەبوونی مەترسی
ئەنجامدانی هێرش بۆسەر فڕۆکە گەشتییارییەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.
كـ ، ئـ