سەردێڕ:

یەکەم فڕۆکەی ئیسرائیلی لە سعودییە نیشتەوە

PM:01:52:27/10/2021

5244 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار یەکەم فڕۆکەی تایبەتی ئیسرائیل گەیشتە سعودییە و لە فڕۆکەخانەی شا خالیدی نێودەوڵەتی لە ریازی پایتەخت نیشتەوە.


دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لەو وڵاتە بەرەو عەمانی پایتەختی ئەردەن بەڕێکەوتووە و دوای مانەوەی بۆ ماوەی شەوێک، شەوی رابردوو لە فرۆکەخانەی شا خالیدی نێودەوڵەتی لە ریازی پایتەختی سعودییە نیشتووەتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی چاودێرکردنی جموجوڵی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان، فڕۆکە ئیسرائیلییەکە لە جۆری  بۆمباردییە چاڵنجەر ٦٠٤ بووە، دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی شاژنە عەلیای نێودەوڵەتی لە عەمانی پایتەختی ئەردەن نیشتووەتەوە، دواتر بەرەو فڕۆکەخانەی شا خالیدی نێودەوڵەتی بەڕێکەوتووە.
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەمە یەکەم نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئەو وڵاتەیە لە سعودییە، فڕۆکەکە لە جۆری پیۆنگ ٧٣٧بووە و لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنەوە لە ئیسرائیل بەڕێکەوتووە. دەشڵێت، فڕۆکەکە سەربە کۆمپانیای رۆیاڵ جیتی ئیماراتییە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای ئەوەی ھیچ پەیوەندییەکی فەرمی لە نێوان ئیسرائیل و سعودییەدا نییە و پەیوەندیەکانیان ئاسایی نەکردووەتەوە، بەڵام ئاسانکاریکردن بۆ دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەرەوپێشچوونێکی گەورەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات.
ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو ھەریەک لە ئیسرائیل و سعودییە رێگەی ئاسمانییان بەڕووی یەکترداکردەوە بەوەی رێگەیاندا فڕۆکەکانییان بەئاسمانی یەکتردا تێپەڕببن. کە پێش ئەمە، ھەرفڕۆکەیەکی ئیسرائیلی ناچاربوو رێگەیەکی دوورتری بگرتایەتەبەر بۆ گەشتەکانی و بەتایبەتی بە ئاسمانی شاری بۆمبای ھیندستاندا تێپەڕببوایە و بەمەش دوو کاتژمێر زیاتر گەشتەکانی درێژخایەنتر دەبوو.
کـ ، ئـ












گەلەری