سەردێڕ:

لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە؛ تەندروستیی جیهانی دوو داواکاری بەپەلە دەکات

PM:10:17:26/10/2021

16600 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیتەی باری لەناکاوی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی داوای لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە کرد، وەک تاکە مەرجی گەشتی نێودەوڵەتیی بەڵگەی ڤاکسینی کۆرۆنا داوا نەکەن. داواشی لەسەرجەم وڵاتانکرد، رەزامەندیی لەسەر بەکارھێنانی ئەو ڤاکسینانەی رێکخراوەکە بۆ بەکارھێنانی بەپەلە پەسەندی کردووە بنوێنن.


ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمیتەی باری لەناکاوی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی داوایکرد، وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە وەک تاکە مەرجی گەشتی نێودەوڵەتیی بەڵگەی ڤاکسینی کۆرۆنا داوا نەکەن.

لەلایەکی تریشەوە، کۆمیتەکە داوای لە سەرجەم وڵاتان کرد رەزامەندیی بنوێنن لەسەر بەکارھێنانی ئەو ڤاکسینانەی رێکخراوەکە بۆ بەکارھێنانی بەپەلە پەسەندی کردووە.

کۆمیتەی باری لەناکاوی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی، لە ٢٢ی تشرینی یەکەم، نۆیەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە، تیدرۆس ئادھانۆم گریبریسوس، لە ناوەندی رێکخراوەکە لە جنێڤەوە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدا.

کۆمیتەی باری لەناکاو لە نێو پێشنیارەکانیدا، داوای لە ١٩٤ وڵاتی ئەندام لە رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی کردووە کە "بەڵگەی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا" وەکو تاکە مەرجی گەشتی نێودەوڵەتیی داوا نەکەن و "بەدەستھێنانی سنوورداری نێودەوڵەتیی" و "دابەشکردنی نادادپەروەرانەی ڤاکسینەکانی" وەکو ھۆکار بۆ ئەو پێشنیارە ھێنایەوە.

هاوکات، کۆمیتەکە بۆ ئاساییکردنی گەشتی نێودەوڵەتیی بانگەوازی ئەوەی لە وڵاتان کردووە کە بەردەوام بن لەسەر پەیڕەوی "بنەمای مەترسی" و لە بارەی رێکارەکانی گەشتکردنەوە ئەوە زانیاری لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی بگۆڕنەوە.

جگە لەوە کۆمیتەکە، داوای لە سەرجەم وڵاتان کردووە کە دان بەو ڤاکسینانە بنێن کە رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بە راوێژ لەگەڵ گرووپی شارەزایانی ستراتیژیی راوێژکاری (SAGE) بۆ بەکارھێنانی بەپەلە پەسەندی کردووە.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا، وڵاتان بەگشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەوڵی بەردەوامدابوون بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی بەربڵاوی کۆرۆنا، سەرئەنجامیش هەریەکە لە ڤاکسینەکانی فایزەر، ئەسترازینیکا، سینۆفارم، مۆدێرنا، جۆنسن، سپۆتینگ لەلایەن چەندین وڵاتی زلهێزی جیهانەوە بەرهەمهاتوون، تا ئێستاش بەگوێرەی ئاماری ناوەندی بڵۆمبێرگی ئەمریکی، زیاتر لە "شەش ملیار و نۆ ملیۆن" ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا لە ١٨٤ وڵاتی جیهاندا دابەشکراوە، کە رۆژانە نزیکەی "٢٧ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار" ڤاکسین دابەشکراوە.

نـ، غـ













گەلەری