سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبا: رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەم کەسانە دەگرینەبەر

PM:08:55:25/10/2021

17316 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە هەندێ شوێن رێگە لە تیمەکانی کۆمپانیای بەستنی پێوەر دەگیرێت و زیان بە سندوقەكانی كارەبا دەگەیەنرێت، دەشڵێت، "رێوشوێنی یاسایمان بەرامبەر ئەو کەسانە گرتووەتە بەر کە زیان بە خزمەتگوزاری کارەبا دەگەیەنن".


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، لەهەندێك پەیجەكانی سۆشیال میدیا پروپاگەندەی دوور لە راستی بڵاو دەكرێتەوە و لە هەندێک شوێنیش، زیان بە سندوقەكانی كارەبا دەگەیەنرێت.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێوەری زیرەك لە پێناو بەرژەوەندیی هاوڵاتیان بۆ کۆنترۆڵ و باشترکردنی دۆخی کارەبا دانراوە و خزمەت بە هاوڵاتییان دەگەیەنێت، بەڵام لە هەندێ شوێنیش رێگە لە تیمەکانی کۆمپانیای بەستنی پێوەر دەگیرێت.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمدا هاتووە، "وەزارەتی کارەبا رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تەواوی ئەو کەسانە گرتووەتە بەر کە زیان بە خزمەتگوزاریی کارەبا دەگەیەنن و ئاستەنگ لە بەردەم گەیاندنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاوڵاتیان دروست دەكەن و تەواوی تێچوونی چاككردنەوە و دانانی پێوەرەكانیش دەکەوێتە ئەستۆیان".

بەپێی وتەی وەزارەتی کارەبا، پرۆژەى پێوەرى زیرەکى کارەبا یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانى حکومەتى هەرێم بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کارەبا و پڕۆژەکە لە کۆتایی ساڵى ٢٠١٩دا چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و تا ئێستاش بەستنی پێوەرەکە بەردەوامە.

 













گەلەری