دادگایەکی شاری میونخ لە ئەڵمانیا، بڕیاری سزادانی ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ژنێکی ئەڵمانی (ئەندامی گروپی چەکداری داعش) بووە سەپاند، بە تۆمەتی جێهێشتنی کچێکی تەمەن پێنج ساڵانی ئێزیدی کە دواتر بەهۆی برسێتییەوە گیانی لەدەستداوە و تاوانەکە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەقەڵەمدراوە.
دادگاییەکە لەلایەن رینهۆڵد بایەر، سەرۆکی دادگای باڵای هەرێمی لە باشوری ئەڵمانیا بەڕێوەچووە و تیایدا، بڕیاری سزادانی بە "زیندانیکردن بە ١٠ ساڵ"ی بۆ "جێنەفەر وینیش"ی تەمەن ٣٠ ساڵان دەرکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی
ئەو دادگایەی ئەڵمانیا، "جێنەفەر وینیش" بە دوو تاوانی دژە مرۆڤایەتی تۆمەتبارکراوە،
یەکەمیان بە کۆیلە کردنە و دووەمیشیان یارمەتیدان و هاندان بۆ کوشتن کە هیچ یارمەتییەکی
ئەو کچە ئێزدیەی نەداوە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی
دادگادا، دەرکەوتووە کە جێنەفەر و هاوسەرە داعشەکەی لەساڵی ٢٠١٥ کاتێک لە شاری موسڵ
بوون و ئەو شارەش لەژێر دەستی داعشدا بوو، ژن و منداڵێکی ئێزدییان کڕیوە وەک
"کۆیلەی ناو ماڵ" بەکاریان هێناون.
لەلایەکی تریشەوە،
تەها ئەلجومەیلی هاوسەری جێنەفەر، لە فرانکفۆرت لەسەر چەند تاوانێکی دیکە روبەڕوی
دادگایی کردن دەبێتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە درەنگانێکی مانگی ١١دا دادگا بڕیاری
خۆی بدات.
هاوکات، دایکی ئەو
کچە منداڵە، کە بە ناوی "نورا"وە ناسێندراوە، چەند جارێک شایەتی داوە لە
دادگاکانی میونخ و فرانکفۆرت لەسەر ئەو ئازارەی منداڵەکەی بینیویەتی.
له مانگى ئابى
٢٠١٤دا، گروپی چەکداری داعش هێرشىیكرده سهر شنگال و سەربارى ئاوارەبوونى ٤٠٠ ههزار
كوردى ئێزیدى نزیکەى شەش هەزار ٥٠٠ هاوڵاتى ئەو قەزایە رفێندران و بەشێکیان شەهیدکرد
و تا ئێستاش چارەنوسى بەشێک لە رفێندراوەکان نادیارە.
گروپی چەکداری
داعش، لەساڵی ٢٠١٣دا دامەزرا و لەساڵی ٢٠١٤شدا دەستیگرت بەسەر زۆربەی خاکی عێراق
سوریا، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا، هەریەکە لە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەهاوکاری
هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەو گروپەیان لەخاکی
عێراق راگەیاند.
بەڵام، تائێستاش
شانەی نوستووی ئەو گرووپە لە عێراقدا ماون و ناو بە ناویش، لە عێراق و بەتایەبتی لە
هەندێک ناوچەی نێوان هەرێم و عێراق کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، هێرش و پەلاماری چەکداری
بۆ سەر سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن.
نـ، غـ