سەردێڕ:

بەوێنە.. دوای پێنج ساڵ گەڕان پێدەچێت دوورگەی ئاڵتوون دۆزرابێتەوە

PM:01:59:25/10/2021

11224 جار خوێندراوەتەوە

تیمێکی ماسیگری ناوچەی سومەتران ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ئەو دوورگەیەی بە دورگەی ئاڵتوون ناسراوە و ٧٠٠ ساڵە ون بووە، لە کۆتا دۆزینەوەیاندا گەنجینەیەکیان دۆزیوەتەوە پڕبووە لە شتی گرانبەها و بەنرخ.


ماڵپەری دەیلی مەیلی بەریتانی باسی لەوەکردووە سایتی فەرمی شانشینی ئەندۆنیزیا رایانگەیاندووە کە پێدەچێت دوورگەی ئاڵتوونەکەی سوماترا لە کۆتایدا دۆزرابێتەوە، کە تیمێکی ماسیگر ماوەی پێنج ساڵە بە بەردەوامی سەرقاڵی گەڕانن بەدوایدا، ئەو تیمە لە کۆتاییدا لە ناوچەی نزیک پاڵیمبانگ گەنجینەیەکی گەورەیان راکێشاوەتەوە سەر ڕووی دەریاکە کە چەندین گەوهەری بەنرخ و ئەڵقەی ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری و دراوی کانزایی بەنرخ و چەندین پەیکەری ڕاهیبی بڕۆنزی تێدابووە.

هاوکات یەکێک لە بەنرخترین ئەو شتانەی کە لەناو گەنجینەکەدا بووە بریتی بووە لە پەیکەرێکی بوودا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی زاینی و بەهاکەی نزیکە لە یەک ملیۆن پاوەند و تەواوی ئەو شتانەی کە دۆزراونەتەوە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەتی سریڤیجایا کە شانشینێکی بەهێز و دەسەڵاتداربوون لەناوچەکە و ماوەی حوکمیان لەنێوان سەدەی حەوتەم بۆ سیانزەیەمدا بووە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، خەڵکی ناوچەی پاڵیمبانگ کە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەن کە شانشینەکەی تێدا شاراوەتەوە، سەرکەوتوو نەبوون لە دۆزینەوەی تەنها گوندێکیش لە کۆتا شانشینی ونبووی سەر زەوی و هێشتا زۆرێک نهێنییەکانی ئەم شانشینە بەشاراوەیی ماونەتەوە.

سوماترا لە سەردەمانی کۆندا بە دوورگەی ئاڵتوون ناوبراوە، بەهۆی دەوڵەمەندی بە کانگاکانی ئاڵتون و سامانە سروشتیەکان و ئەو تایبەتمەندییەی کە خاڵی گەیشتن بوو بۆ بازرگانی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەگەڵ ناوچەکانی تردا. کە لەسەدەی شەشەم و حەوتەمدا بازرگانی دەریایی ئاسیا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی و بازاڕێکی گەورەی چینی کرایەوە و زیادبوونی خواست بۆ کەرەستە نەریتیەکانی بودایی بووە هۆی زیادکردنی هەناردەکردنی کاڵاکانی ئەندەنۆزیا بۆ چین.

مێژووناسان باسیان لەوەکردووە، کە شانشینەکە زۆر مەزن بووە و چەندین دوورگەی زۆری هەبووە و تا ئێستا نازانێت سنوری دەسەڵاتی چەندێک بووە و وەک باس کراوە کە تەنها پایتەختەکەی خاوەنی ٢٠ هەزار سەرباز بووە و ئەمەش بیرۆکەیەک بە خوێنەر دەبەخشێت کە چەند گەورە بووە، هاوکات لە سەدەی دەیەمدا، ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی جاڤای ڕۆژهەڵات لەنێوان سێ بۆ چوار ملیۆن کەسدا بووە ئەمەش لە کاتێکدایە کە جاڤا بچوکترە لە ناوچەی سماترا کە پاڵیمبانگ پایتەختی بووە.

 


ل – ل













گەلەری