سەردێڕ:

ئایا چەند کاتژمێر خەو پێویستە بۆ تەندروستی مێشك و جەستە؟

PM:11:41:24/10/2021

11980 جار خوێندراوەتەوە

زاناکان توێژینەوەیەکیان لە گۆڤاری برەینی زانستی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لە کات و قۆناغەکانی خەو دەکەن و ئاماژەیان بەوەکردووە، خەوتن بە دروستی بۆ پاراستنی تەندروستی مێشك و رێگریکردن لە چەند نەخۆشییەکی وەکو زەهایمەر و پەککەوتنی سێکسی و شەکرە پێویستە.


شارەزایان توێژینەوەکەیان لەسەر ١٠٠ کەس ئەنجامداوە بە ئامانجی دیاریکردنی کاریگەری کاتەکانی خەو لەسەر مێشكی مرۆڤدا و ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو کەسانەی کەمتر لە شەش کاتژمێر دەخەون دەرکەوتووە ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی زەهایمەری پێشوەختە هەیە.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئەوانەشی کە رۆژانە پێنج کاتژمێر دەخەون دووچاری لەبیرچوونەوەی زانیاری (مەعریفە) و زەهایمەر و گرفتی تەندروستی سێکسی دەبنەوە.

بەپێی توێژینەوەکە، پێویستە کەسانی پێگەیشتوو رۆژانە ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر و خوێندکاران لە نێوان ٩ بۆ ١٢ کاتژمێر بخەون بۆ پاراستنی تەندروستی مێشك و رێگریکردن لە چەند نەخۆشییەک. تیمی توێژەران پێیان وایە، درێژی کاتی خەویش بەتەنیا بەس نییە بۆ تەندروستی مێشك، بەڵکو خەوتن لە دۆخێکدا کە ئارامی بە جەستە و مێشك بدات زۆر گرنگە و خەوتن چوار قۆناغ لەخۆیدەگرێت و هەر قۆناغێکیش ٩٠ خولەکی پێویستە.

راشیانگەیاندووە، لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا: جەستە لە جوڵەکردن دەوەستێت، ترپەکانی دڵ کەمدەکات، هەناسە خاودەبێتەوە، پلەی گەرمی جەستە دادەبەزێت و جوڵەی چاو نامێنیت.

لە قۆناغی سێیەم و چوارەمدا: جەستە دەچێتە خەویکی قوڵەوە، خانە ماندووەکانی مێشك پشوودەدەن، جوڵەی چاوەکان خێرادەبێت و خەو بینین دەستپێدەکات.

زانایان ئەوەیان ئاشکراکردووە، هەرکاتیک مرۆڤ بەبەردەوامی نەگەیشتە قۆناغەکانی کۆتایی دوچاری لاوازبوونی بیرەوەری نەخۆشیەکانی دڵ دەبێتەوە و لەوانەشە ببێتەهۆی مردنی پێشوەختە، یاخود لە تەمەنی لاویدا گرفتی تەندروستی بۆ دروستببێت ئان گیان لەدەست بدات.













گەلەری