PM:11:13:24/10/2021
10216 جار خوێندراوەتەوە
گۆڕانی کەش و هەوا زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و ئەنجومەنی جێبەجێکاری رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە گۆڕانی کەش و هەواش هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر وڵاتان شکستبهێنن لە چارەسەرکردنی گۆڕانی کەش و هەوا ئەوا ئاسایش و سەقامگیرییەتی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە.
پاتریکا ئیسپۆنسا سکرتێری ئەنجومەنی جێبەجێکاری رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە گۆڕانی کەش و هەوا ئاماژەی بەوەکردووە، "کاتێک باس لە گۆڕانی کەش و هەوا دەکەین، ئەوا باس لە پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیرییەتی جیهان دەکەین کە ماوەی چەندین ساڵە بونیادمان ناوە، کۆی ئەو ئامانجانەی تەواوی وڵاتانی جیهان پێکەوە بونیادیان ناوە."
ئەمنییەت و سەقامگیرییەتی
جیهانی لە ئاستێکدایە کە بە وتەی ئیسپۆنیاش، بە یەکجار قەیرانەکانی کۆچ، کەمی خۆراک
و لە سەروو هەمووشییەوە گۆڕانی کەش و هەوا و هەڵکشانی رێژەی دەردانی گاز و دوکەڵ بۆ
نێو بەرگەهەوای زەوی؛ کاریگەری دەکەنە سەر ئاسایش و سەقامگیرییەتی جیهانی.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان و توێژینەوەکانی بواری کەش و هەوا و ژینگە؛ مەترسییەکە
تەنها لەسەر ئاستی ژینگە و کەش و هەوای جیهانی نەماوەتەوە، بەڵکو باس لە سیستەمی جیهانی
بەگشتی دەکرێت، چونکە قەیرانەکانی کۆچ و کەمی خۆراک و ئاوی ناخاوێن بەمەترسییەکی
جددی هاوشێوەی گۆڕانی کەش و هەوا دادەنرێت بۆسەر سەقامگیریی جیهانی.
ئەم هۆشدارییە
توندەی سکرتێری ئەنجومەنی جێبەجێکاری رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە
گۆڕانی کەش و هەوا دوای ئەوە دێت، بڕیارە لە رۆژی یەکی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، لە
شاری گلاسکۆی سکۆتلەندای بەریتانیا، لوتکەی باڵای جیهانی کەشوهەوا Cop26 بەئامادەبوونی ١٠٠ سەرۆکوەزیرانی جیهانی بەرێوەبچێت.
نـ. غـ