هەموو ژنێك هیوای ئەوە دەخوازێت کە بنی پێیەکانی ساف بێت و پێستی ئەو ناوچەیەی بەبێ هیچ چرچی و شەقێك بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانن سوود لە بەکارهێنانی هەویری ددان وەربگرن.
ماڵپەڕی "العربیة" بڵاویکردەوە، هەویری ددان یەکێكە لەو پێداویستییانەی لە هەموو ماڵەکاندا دەست دەکەوێت، وێڕای بەکارهێنانی بۆ پاککردنەوە و سپیکردنەوەی ددانەکان دەتوانرێت لە بواری جوانکارییشدا سوودی لێ وەربگیردرێت، بەتایبەت لە بواری پاکبوونەوە و نەهێشتنی پێستی مردو و شەقی بنی پێیەکان بەم جۆرە:
-هەویری ددان کۆمەڵێك دەنکۆڵەی وردی تێدایە وایلێدەکات بۆ لێکردنەوەی پێستی مردووی پاژنەی پێیەکان بەسوود بێت، کەمێك هەویری ددان بدە لە پاژنەی پێت و دەستی لێ بخشێنە و یان بەردی بنی پێ لەگەڵیدا بەکاربهێنە بەم جۆرە کۆتایی بە پێستە مردووەکان و شەقەکانی پاژنەی پێت دەهێنیت.
بەڵام ئەگەر پاژنەی پێت شەقی بردبوو ئەوا باشتروایە بەکارنەهێنرێت چونکە ماددەی مینتۆل لە پێكهاتەیدایە کە دەبێتە هۆی سووتانەوەی ئەو ناوچەیە.
-هەروەها هەویری ددان بۆ پاککردنەوە و سپیکردنەوەی نینۆکەکانیش بەکاردەهێنرێت، بۆیە دەتوانیت کەمێك هەویری ددان بدەیت لە نینۆکەکانت و بە دەست یان ئیسفنجێك لێی بخشێنیت تا سپی و پاك دەبێتەوە.
-هەروەها هەویری ددان ئەو زیپکانە لادەبات کە لە پێیەکاندا دەردەچن، بۆ ئەو مەبەستە بیدە لە پێیەکانت و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك پێوەی بهێڵە دواتر بە پارچەیەك قوماذی تەڕ بیسڕە، ئەم کردارە چەند جارێك دووبارە بکەرەوە تا بەتەواوی زیپکەکان نامێنن.