سەردێڕ:

سەدر: رێگانادەین هیچ وڵاتێک دەستوەربداتە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە

PM:05:47:24/10/2021

6672 جار خوێندراوەتەوە

رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، رێگا بەھیچ وڵاتێک نادەن دەستوەربداتە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە.


موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "ھەر وڵاتێکی دراوسێ دەستوەردانی نەکردووە لە کاروباری ناوخۆی عێراق، ھەوڵی پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵیاندا دەدەین و کاریش دەکەین لەسەر دۆزینەوەی پرۆژە ھاوبەشەکان لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووریی، رۆشنبیری، تەندروستی، پەروەردە، پیشەسازیی و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە سەرجەم بوارەکاندا، رۆڵی دیپلۆماتی ھاوبەش پتەودەکەین و عێراقیش بە ھیچ شێوەیەک دەست لە کاروباریان وەرنادات".

ئەوەش ھاتووە "ئەو وڵاتانەی کە دەستوەردانەکانیان روونە لە کاروباری سیاسی و ئەمنی عێراقدا، بە گفتوگۆ لەسەر ئاستی باڵا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین بە ئامانجی راگرتنی دەستوەردانەکانیان، ئەگەر وەڵامیان ھەبوو ئەوا پێشوازیی لێکراون، ئەگەر نا ئەوا بە پەنابردن بۆ رێگا دیپلۆماتی و نێودەوڵەتیەکان، ھەوڵی راگرتنی دەستوەردانەکانیان دەدەین."

راشیگەیاندووە، "عێراق دەستوەرناداتە کاروباری ھیچ وڵاتێکی دراوسێ و رێگاش بەھیچ وڵاتێک نادەین دەستوەربداتە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، چونکە ئەوەی ئێستا لە بارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق روودەدات، ململانێیەکی دیموکراتییە و پێویستمان بە دەستوەردانی ھەرێمی نییە."

موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشداوە، "ھەموو هەوڵەکان بەدەستپێکێک بۆ ئاشتی لە ناوچەکە لە قەڵەم دەدەین و عێراقیش ھەوڵەکانی بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا، دەخاتەگەڕ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تائیفی یان کەسیش مامەڵەیان لەگەڵدا ناکەین."

رۆژی ١٠ی مانگ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و رەوتی سەدر توانی ٧٣ کورسی بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی زۆرترین کورسی لە پەرلەمانی عێراقدا.













گەلەری