ئەمڕۆ بە بەشداری ٢١ ملیۆن و ٢٦٦ ھەزار کەس پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە تەواوی وڵاتی ئۆزبەکستان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش یەکەم ھەڵبژاردنە لەدوای ھەڵبژاردنە پێشوەختەی ئەو وڵاتە لەساڵی ٢٠١٦ەوەز
بەگوێرەی سیستەمی حوکمی ئەو وڵاتە، پاش بەدەستھێنانی دەنگی زۆرینەی ھاوڵاتیان، ھەر سەرۆکێک بۆماوەی پێنج ساڵ لەپۆستی سەرۆک کۆماری ئۆزبەکستاندا دەمێنێتەوە.
لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٦دا، ئیسلام کەریمۆڤ یەکەمین سەرکۆماری ئەو وڵاتە کۆچی دواییکرد کە بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ حوکمڕانی ئۆزبەکستانی کرد، دوای کۆچی دوایی ئیسلام کەریمۆڤیش ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا و ئەمڕۆ ھەڵبژاردنی گشتی لەتەواوی ئۆزبەکستان بەڕێوەدەچێت.
پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە کاتژمێر ھەشتی سەر لە بەیانی دەستیپێکرد و تا کاتژمیر ھەشتی ئێوارە بەردەوام دەبێت، تیایدا ٢١ ملیۆن و ٢٦٦ ھەزار کەس بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا دەکەن و لە تەواوی وڵاتیشدا، ١٠ ھەزار و ٧٦٠ سندووقی دەنگدان دانراوە.
بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتە، پارت و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن پاڵێوراویان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ھەبێت و بۆ ئەومەبەستەش بەشێک لە پارتە سیاسییەکان پاڵێوراوی خۆیان خستوەتە نێو کێبڕکێکەوە و ئەوانیش پارتی ژینگەپارێز، نازروڵڵا ئۆبلۆمورادۆڤ؛ پارتی دیموکراتی گەل، موکسودا ڤۆریسۆڤا؛ پارتی گەشەی میللی، ئالیشیر کادیرۆڤ و پارتی سۆسیال دیموکراتیش، باھرۆم عەبدولحالیمۆڤ بەربژێر کردووە.
ئەگەر رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکەدا لە سەرووی ٣٣٪ بوو، ئەوا ھەڵبژاردنەکە پەسەند دەکرێت و ھەر پاڵێوراوێک بتوانێت زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەست بھێنێت، ئەوا براوەی ھەڵبژاردنەکە دەبێت، ئەگەر کەسیش نەیتوانی ئەو رێژەیە بەدەست بھێنێت، ئەوا ئەو دوو بەربژێرەی زۆرترین دەنگیان بەدەست ھێناوە دەکەونە قۆناغی دووەم.
نـ - غـ
کـ ، ئـ