سەرۆکی کۆڵمبیا لە پەیامێکی تەلەفیزیۆیندا دەستگیرکردنی گەورە بازرگانی جیھانی ماددە ھۆشبەرەکانی راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیڤان دۆکیو سەرۆکی کۆڵمبیا لە پەیامیکی تەلەفیزیۆنیدا دەستگیرکردنی دایارۆ ئەنتۆنۆ ئوسگا، کە بە ئۆتۆنێل ناسراوە، گەورە بازرگانی ماددەی ھۆشبەر و سەرۆکی گەورەترین باندی تاوانکاری لەو وڵاتە راگەیاند.
ئاماژەی بەوەشدا، ھەڵمەتی دەستگیرکردنەکە بە ھاوبەشی سوپا و ھێزی ئاسمانی و پۆلیسی کۆڵمبیادا ئەنجامدراوە.
ئیڤان دۆکیو سەرۆکی کۆڵمبیا ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمە گەورەترین ھەڵمەتە دژ بە بازرگانی ماددەی ھۆشبەر لەم سەددەیەدا و ھاوتایە، بەدەستگیرکردنەکەی پابلۆ ئیسکۆبەر گەورە بازرگانی ماددەی ھۆشبەر لەساڵانی نەوەدەکانی سەددەی رابردوودا.
پێشتر و بەمەبەستی دەستگیرکردنی حکومەتی کۆڵمبیا بڕی ٨٠٠ ھەزار دۆلاری وەک خەڵات دەستنیشانکرد بۆ ئەوکەسی کە شوێنی ئۆتۆنێلی بۆ دەستنیشانبکات، لای خۆشییەوە حکومەتی ئەمریکا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکرد.
ئۆتۆنێل لە تونێلێکی پارێزگای ئەنتیکوای باکووری رۆژئاوای کۆڵمبیا دەستگیرکراوە؛ کە دەکەوێتە سنووری پاناما و بەگوێرەی وتەکانی سەرۆکی کۆڵمبیاش، لە ھەڵمەتی دەستگیرکردنەکەیدا پۆلیسێک کوژراوە.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا، بەبەشدارانی ھەزاران کەس لە ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە چەندین ھەڵمەت و ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ دەستگیرکردنی ئۆتۆنێلی تەمەن ٥٠ ساڵان ئەنجامدراون، بەڵام ھیچیان سەرکەوتوونەبوون لەدەستگیرکردنی ئۆتۆنێلدا.
١٠ ساڵ پێش ئێستا و لەدوای کوژرانی براکەی لە ھەڵمەتێکی ھێزەکانی پۆلیسدا، ئۆتۆنێل بوو بە سەرۆکی باندی کلان، کەدواتر وەک باندی ئسگا ناسرا، ئەندامانی باندەکە بە زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ چەکدار مەزەندەدەکرێت و لەزۆربەی پارێزگا و ھەرێمەکانی کۆڵمبیا کردەی تاوانکاری ئەنجامدەدەن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، باندەکە پەیوەندییەکی بەرفراوانی ھەیە، قاچاخچێتی، بازرگانی ماددە ھۆشبەرەکان، کانزاکاری ئاڵتوونی نایاسایی و بازرگانی بە مرۆڤەوە دیارترین ئەو تاوانانە بوون کە باندەکەی ئۆتۆنێل ئەنجامیداون، ھاوکات بەشێک لە ئەندامەکانی لە وڵاتانی وەک ئەرژەنتین، بەڕازیل، ھۆندوروس، پیرۆ و ئیسپانیا دەستگیرکراون.
باندەکە زۆرێک لە رێگە سەرەکییە سنوورییەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە و بۆ قاچاخچێتی ماددەی ھۆشبەر لە کۆڵمبیا بۆ ئەمریکا و روسیا بەکاری دەھێنێت.
نـ- غـ
کـ ، ئـ