کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە بە پەسەندکردنی ١٨ سکاڵا و رەتکردنەوەی ٣٢٢ سکاڵای دیکە کە بەڵگەیان لەگەڵدا نەخراوەتەڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا ٢٣٤ سدنوق بەدەست دەژمێردرێنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە بەدواداچون بۆ ئەو سکاڵایانەی لەسەر ئەنجامەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان پێشکەشکراون.
دەشڵێت، ئەمڕۆ وردبینی بۆ ٣٤٠ سکاڵا کراوە، بڕیاردراوە بەرەتکردنەوەی ٣٢٢ سکاڵا بەھۆی ئەوەی بەڵگەی پێویستیان لەگەڵدا نەخراوەتەڕوو.
ئەوەشی خستەڕو، ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاریداوە بەرەچاوکردنی ١٨ سکاڵا، بەمەش ٢٤٣ وێستگەی دەنگدان دوبارە بەدەست دەنگەکانیان دەژمێردرێنەوە، کە سەرجەمیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و بەسرە و بەغدان.
کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشداوە، لەبەرئەوەی ئەو ١٨ سکاڵایە بەبەڵگەوە خراونەتەڕوو، ئەنجومەنی کۆمسیاران پشتیوانی لێکردون و بەگونجاو زانراون بۆئەوەی رێکاری پێویستیان لەبارەوە بگیرێتەبەر.
لەبارەی چۆنییەتی دووبارە ژماردنەوەی دەستی ئەو سندوقانەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان باسی لەوەشکرد، ژماردنەوەی دەنگەکانیش بەئامادەبونی نوێنەرانی کاندیدە رکابەرەکانی ئەو وێستگانە دەبێت و شوێن و کاتی گونجاویش بۆئەو مەبەستە لەماوەیەکی نزیکدا دیاریدەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیێندراوێکی لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو بڵاوکردەوە و تیایدا ستایشی رۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی نیشاندا لەبارەی ئەو ھەڕەشە توندوتیژییەی کە دوای ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئاراستەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کراوە.
بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.
مـ ، کـ
کـ ، ئـ