بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ئەمشەو لە ناوچەی سەدری شاری بەغدا، بەهۆی دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزی نێوان دوو هۆزەوە کەسێک کوژرا و سییانی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شەڕ و ئاڵۆزییەکە لە نێوان هەردوو هۆزی "زوهەیری" و "ساعیدی" بووە و لە ناوچەی سەدری بەغدا روویداوە، هاوکات لە شەڕەکەشدا چەکی جۆراوجۆر بەکارهاتووە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی رووداوەکەوە کەسێک کوژراوە
کە فەرمانبەری وەزارەتی کارەبا بووە و نزیک بووە لە شوێنی شەڕەکەی نێوان ئەو
دوو هۆزەوە.
لە ئەنجامی گرژیی و شەڕەکەی ئەمشەویشدا، سێ کەس برینداربوون
کە لە شوێنی رووداوەکەوە نزیکبوون.
هاوکات، شەوی رابردووش لە نێوان ئەو دوو هۆزەدا گرژیی و
ئاڵۆزی سەری هەڵداوە و کەسێک بەوهۆیەوە برینداربوو، کە ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە
گیانی لەدەستدا.