سەردێڕ:

بایدن و ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

PM:07:15:23/10/2021

2728 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئەنجامدا و دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چەند بابەتێکی تر گفتوگۆیانکرد.


بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆشکی سپی، جۆ بایدن و ئیمانوێل ماکرۆن بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و پرسە هەرێمییەکان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەردوو سەرۆک دەربارەی هەوڵەکانی پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی بیابانی ئەفریقا و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانیان لە ناوچەی هیند - پاسیفیک قسەیانکردووە."

هاوکات، بەهێزکردنی لایەنی بەرگری ئەوروپا و ناتۆ یەکێکی دیکە بووە لە بابەتی گفتوگۆکانیان.

لای خۆشییەوە، جۆ بایدن باسی لەوەکردووە، "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەوەیە لە میانەی لوتکەی جی ٢٠ کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە رۆما سازدەکرێت، لەگەڵ ماکرۆن کۆببێتەوە."

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی لوتکەی جی ٢٠دا بایدن و ماکرۆن دەربارەی بابەتەکانی پەیوەست بە هەماهەنگی ئەمریکا - فەڕەنسا، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەهاکانی نێوانیان، گفتوگۆ بکەن.

هەر لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکدا بایدن ئەوەی ئاشکراکردووە، کە کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی ئەم مانگە سەردانی پاریس دەکات و "ئەم سەردانەش هەلێکی گرنگە بۆ لە نزیکەوە گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرفتە نێودەوڵەتییەکان."

لە ماوەی رابردوودا، گرژی لە نێوان ئەمریکا و فەڕەنسادا دروستبوو و گەیشتە ئەوەی کە فەڕەنسا بڕیاریدا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئەمریکا بکشێنێتەوە، بەڵام لە ٢٢ی مانگی رابردوودا سەرۆکى فەرەنسا و ئەمریکا پەیوەندییەکى تەلەفۆنییان ئەنجامدا و پاریسیش بڕیاریدا باڵیۆزى خۆى بگەڕێنێتەوە بۆ واشنتن.

چۆن گرژی لە نێوان ئەمریکا و فەڕەنسادا دروستبوو؟

پاش رێککەوتنى ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا لە چوارچێوەى هاوپەیمانییەک لە هەردوو ناوچەى زەریاى هێمن و زەریاى هندى، ئوسترالیا گرێبەستێکى کڕینى ژماریەک ژێردەریایی لەگەڵ فەرەنسا بە بەهاى نزیکەى ٤٠ ملیار دۆلار هەڵوەشاندەوە و بەوەش فەڕەنسا ئەو هەنگاوەى ئوسترالیا و ئەمریکاى "بە ناپاکی" ناوبرد.













گەلەری