سەردێڕ:

هۆشداری لەبارەی قورئانێکی چاپکراوەوە دەدرێت

PM:10:42:22/10/2021

13084 جار خوێندراوەتەوە

موفتی گشتی قودس و فەڵەستین هۆشداریدا لە بەکارهێنان و بڵاوکردنەوەی کۆپییەک لە قورئان کە لە وڵاتی میسر چاپکراوە بەهۆی ئەوەی لە ریزبەندی هەندێک سورەت پاش و پێشی تێدا کراوە و چەند پەڕەیەکیشی ناتەواوە.


محمەد حسێن موفتی گشتی قودس و فەڵەستین و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا هۆشداریدا لە بڵاوکردنەوەی کۆپییەک لە قورئان کە بەناوی "حەرەمی ئیبراهیمی"یەوە چاپکراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ریزبەندی سورەتەکانی یاسین و ئەحزاب و سەبەء و ساففات و فاتیر پاشوپێشکردنی تێدا کراوە، جگە لەوەی چەند پەڕەیەکیشی ناتەواوە و کەموکورتی هەیە.

محەمەد حسێن ئەوەشی خستووەتەڕوو، قورئانەکە لەلایەن چاپخانەی خانەی ئیبنولجەوزییەوە لە کۆماری میسری عەرەبی بە ژمارەی سپاردنی ١٠ی رێکەوتی ٥ی ٣ی ٢٠١٤ چاپکراوە کە لەلایەن کۆمەڵەی توێژینەوەی ئیسلامی ئەزهەرەوە رێگەی پێدراوە.

موفتی فەڵەستین داوای لەسەرجەم کتێبخانە و چاپخانە و کەسایەتییەکان کردووە هەرکەس ئەو کۆپییەی لە قورئان لایە دەستبەجێ رادەستی خانەی فەتوادانی بکات بە ئامانجی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست.

داواشی کردووە، لەکاتی چاپکردنی قورئاندا پێویستە بەوردییەوە گرنگی پێبدرێت، بەتایبەتی لەکاتی بەکارهێنانی شێوازی نوێ و خێرا.













گەلەری