سەردێڕ:

دۆخی تەندروستی شاژنە ئێلیزابێس تێکچوو گەیەنرایە نەخۆشخانە

PM:08:29:22/10/2021

6328 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، شاژنە ئێلیزابێسی دووەم، تەمەن ٩٥ ساڵ، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.


ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەم ماوەیەی دواییدا بەرنامەی کارەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو چڕبوونەتەوە و بەمەش شاژن ماندوبووە.

لەلایەن خۆیەوە کۆشکی باکنگهام بەشێوەی فەرمی گەیاندنی شاژنە ئێلیزابێسی دووەمی رانەگەیاند دوای ئەوە نەبێت کە رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی زانیارییەکانی بڵاوکردەوە.

کۆشکی باکنگهام ئاشکرای کرد، لەسەر داوای پزیشک و بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی سەرەتای شاژن لە نەخۆشخانە هێڵدراوەتەوە و پزیشکەکانی پێیان راگەیاندووە کە پێویستە پشوو بدات.

نیکۆلاس ویچڵ رۆژنامەنوس لە بی بی سی، کە بەرپرسە لە چاودێریکردنی هەواڵەکانی بنەماڵەی شاژن رایگەیاند، کۆشکی باکنگهام هەواڵ و زانیارییەکانی بەشێوازێک بڵاونەکردووەتەوە کە وێنەیەکی دروست بگوازرێتەوە بۆ خەڵکی، میدیاکان وایان خستووەتەڕوو شاژن لە قەڵای "وندسور" پشوودەدات، لەکاتێکدا گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکان لەناوەڕاستی لەندەن.

ئاماژەی بەوەشدا، گرفتەکە لەوەدایە کاتێک زانیاری دروست و متمانە پێکراو راناگەیەنرێت، هەواڵی ناراست و هەڵبەستراو بڵاودەکرێنەوە و شوێنیان دەگرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی نزیکەی ٧٠ ساڵە شاژنە ئێلیزابێسی دووەم لەسەر کورسی پاشایەتی بەریتانیایە بەردەوام بەتەندروستییەکی باشەوە دەرکەوتووە و بەردەوام لە چالاکییەکاندا ئامادەی هەبووە و لەماوەی دەسەڵاتیشیدا کەمترین جار سەردانی نەخۆشخانەی کردووە بەشێوەیەک کۆتا جار گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ماوەتەوە ساڵی ٢٠١٣بوو کە بەهۆی هەوکردنی گەدە و ریخۆڵەکانییەوە بوو.













گەلەری