سەردێڕ:

کۆبوونی خۆراک دەکرێتە ئەلیکترۆنی

PM:03:39:22/10/2021

63336 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، چاپکردنی کۆبوونی خۆراکی مانگانەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەزووترین کاتدا تەواودەبێت.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی بازرگانی بڵاویکردەوە، ''وەزارەتەکەیان لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی و بەسەرپەرشتی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و فەرمانگەی پلاندانان کاریکردووە لەسەر پڕۆژەیەك بۆ ئەوەی کوبوونی ئەو کەسانەی کە چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بکرێت بە ئەلیکترۆنی و لەو رێگەیەوە بەشەخۆراکی مانگانەیان وەرگرن.

باسی لەوەشکردووە، کۆبوونەکە دەکرێتە کارتێك و ژمارەی نهێنی لەسەرە و بە مۆبایلیش ئەو کەسە دەتوانێت ماددە خۆراکیەکانی مانگانەی ببینێت و لەکاتی هاتنیدا ئاگاداردەکرێنەوە و دەتوانن وەریگرن.

ئەوەشی خستوتەڕوو، سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکانی ئەنبار و زیقار و دیوانیە و میسان و نەجەف و کەرکوک و دیالە و نەینەوا کۆبوونەکەیان دەبێتە ئەلیکترۆنی و دواتریش بەتێپەڕبوونی کات کوبوونی هاوڵاتیانیش دەکرێتە هەمان سیستم.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو حکومەتی عێراقی بڕیاڕیدا فۆڕمی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان بگۆڕێت بۆ کارتێکی ئەلیکترۆنی و هاوڵاتییانیش جگە لەوەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەیان، بتوانن سەرجەم مامەڵەکانیان لە دامەزراوە و فەرمانگە حکومییەکانی پێ رایی بکەن.

لەساڵی ١٩٩٥ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری ژمارە ٩٨٦ لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆراک بەرامبەر نەوت رێگەیدا حکومەتی عێراق بڕێک لەو نەوتەی هەیەتی بیفرۆشێت، تابتوانێت بە داهاتەکەی بەشەخۆراکی هاوڵاتیانی پێ بکڕێت، تائێستاش بەشە خۆراکی هاوڵاتیان بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆریش لێی سودمەندبوون و بەشێک لە بژێوی ژیانیانی لەسەربەندە.













گەلەری