سەردێڕ:

مەسعود بارزانی لەبارەی تەقینەوەکەی بەغداوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

PM:03:01:20/07/2021

5956 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرد کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە بازاڕێکی میللی لە ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدای کردە ئامانج.


لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی هاتووە "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەكەم كە دوێنێ لە بازاڕێكی شاری سەدر لە بەغدا كرایە سەر هاووڵاتییانی بێتاوان كە لە ئەنجامدا دەیان هاووڵاتیی شەهید و بریندار بوون".


سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "ئەو تاوانە نیشانەی ئەوپەڕی بێویژدانی و نامرۆڤبوونی تیرۆریستانە كە لە رۆژی عەرەفە و لەو كاتەی خەڵک خۆیان بۆ پێشوازی لە جەژن ئامادە دەكرد تاوانێكی قێزەونی لەوشێوەیە ئەنجام دەدەن".


لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی مەسعود بارزانی هاتووە "ئەوانە دوژمنی ئایین و مرۆڤایەتی و پیرۆزییەكانن و، لە هەموو بەهایەك شۆراون و دەبێ باجی ئەو تاوانەیان بدەن".


سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری قوربانیان و شەهیدانی ئەو كارەساتە دڵتەزێنە کردووە و رایگەیاندووە "دڵم لەگەڵ خەم و ئازارەکەیانە و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم سەبر و ئارامیان پێ ببەخشێ و هیوای چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم".


ئێوارەی رۆژی دووشەممە، تەقینەوەیەک لە بازاڕێکی میللی شاری سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا روویدا کە بەهۆیەوە ٣٠ کەس کوژراو و ٥٢ کەسیش بریندار بوون. بەشێکی زۆر لە قوربانیان ژن و منداڵ بوون کە بەمەبەستی کڕینی کەلوپەلی جەژن سەردانی بازاڕەکەیان کردبوو.


دوای تەقینەوەکە سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، ئەو فەرماندەی ئەرکی پاراستنی بازاڕەکەی لە ئەستۆ بوو، لەکار لادا و بڕیاریشیدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.













گەلەری