سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید بۆ قودسی عەرەبی: پلانمان ئەوەیە ببینە هێزی یەکەم لەهەرێمی کوردستان

PM:12:40:19/10/2021

10560 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی قودسی عەرەبی کەرۆژنامەیەکی رۆژانەیەو لەلەندەن دەردەچێت، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید بڵاوکردۆتەوە ئێن ئاڕتی دەقی چاوپێکەوتنەکە بڵاودەکاتەوە.


راگەیاندنکار و سیاسی، شاسوار عەبدولواحید دامەزرێنەری جوڵانەوەی نەوەی، لە ئێستادا یەکێکە لە دەنگە بەردەوامەکانی ئۆپزسیۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە جوڵانەوەکەی لەم هەڵبژاردنەی دواییدا توانیویەتی بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت.

جوڵانەوەکەی بەوە ناسراوە، کە رەخنەی توند لە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم بەوەی دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی هەرێمدا گرتووەو لەسەر شانی هاوڵاتیان و مافە پێشێلکراوەکانیان بەدەستیان هێناوە، لەهەمان کاتیشدا خاوەنی کەناڵی ئاسمانی (ئێن ئاڕ تی)ییە کە یەکێکە لە پڕبینەرترین کەناڵەکان لەرووی گواستنەوەی خۆپیشاندان و رووداوەکان لە هەرێمەکە و عێڕاقدا.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی قودسی عەرەبی، شاسوار عەبدولواحید لەبارەی نهێنی بەرەوپێشچوونەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەکەی عێراق، هەروەها پلانەکانی بۆ بەرەوپێشچوونی هەرێمەکە لەرووی سیاسی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، ئەو رێگریانەی دووچاری حزبەکەیی و کەناڵەکەی دەبێتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان حزبەکانی هەرێم و عێراق، هەروەها رووداوەکان و بەرەوپێشچوونەکان قسەی کردووە.

ئەمەی خوارەوەش دەقی گفتوگۆکەیە:

کەی و بۆچی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەرێمی کوردستان دامەزرا؟

شاسوار عەبدولواحید: لە رۆژی ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆنفرانسێکی بەست و تیایدا دامەزراندنی جوڵانەوەکەی راگەیاند، کە لە پێناو چارەسەری پرسە سیاسی و ئابووری و ئیداریییە خراپەکان بووە لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی هەردوو حزبی فەرمانڕەوای هەرێم (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان).

جوڵانەوەکە دیدێکی چاکسازیانەی لەبەرامبەر دامەزراوەکانی هەرێمدا هەیە و دیدێکی ئابووریانەشی لەپێناو رێکخستنی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەیە و لەو بڕوایەشدایە، کە بوونیادنانی دەوڵەتێکی سەرکەوتوو و خۆشگوزەران پێویستی بە ئابوورییەکی بەهێز هەیە و بۆ گەشتن بەو ئەنجامەش، پێویستە شەفافییەتی تەواو لە کار و ئەدای حکومەت و دامەزراوە جێبەجێکاریی و یاسادانانەکاندا، سەرباری ئەمەش دۆخی ئێستا ئەوە دەردەخات کە ئەم جۆرە دامەزراوانە بوونیان نییە و ئەمەش هۆکارەکەی بۆ سیاسەتە هەڵەکانی هەردوو حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەگەڕێتەوە، هەروەها هیچ دامەزراوەیەکی حەقیقیی یان ئابووری بەهێز یان شەفافییەت لە وڵاتدا بوونی نییە.

ژمارەی ئەو کورسیانەی کە جوڵانەوەکەت لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ و ٢٠٢١دا بەدەستیهێنان چەند بوون؟

شاسوار عەبدولواحید: لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لەساڵی ٢٠١٨دا، توانیمان سێ کورسی بەدەستبهێنین سەرباری تەواوی ساختەکارییەکان، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١یشدا توانیمان ژمارەی کورسییە پەرلەمانییەکانمان زیاد بکەین و لە سێ کورسییەوە، بیگەیەنینە ٩ کورسی.

سەرباری ئەو فشارە زۆر و گەورەیەی کە دووچاری ئێوە هات، بەرەوپێشچوونی جوڵانەوەکەت لەم هەڵبژاردنەی دواییدا چۆن دەبینین و قەبارەو بوونتان لە ژیانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا چۆن دەبینن؟

شاسوار عەبدولواحید: ئەو فشارە گەورەیەی لەسەرمان بوو ئەوەی سەلماند بۆ جەماوەر و هاوڵاتیان ئینتمای ئێمە بۆ هاوڵاتیانە، سەرباری ئەو فشارانەی لەسەرمان بووە، ئێمە لەسەر پرەنسیپەکانمان کە بڕوامان بە بەرگریکردن لە مافی هاوڵاتیان بووە وازمان نەهێنا، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سازشمان بۆ دەسەڵات نەکردووە و لێیان نزیک نەبووینەتەوە، ئەمەش وایکردووە لەکۆتاییدا متمانەی هاوڵاتیان بەدەستبهێنین، بەدڵنیاییەشەوە لەجێی ئەم گومان باشییەی هاوڵاتیاندا دەبین و ئەم متمانەیە لەدەستنادەین، لەدرێژەی پێگە و هەڵوێستەکانمادا لەریزی هاوڵاتیاندا دەمێنینەوە.

چ هەڵسەنگاندێکت بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمدوایەی عێراق هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە تیایدا نەخشەی کورسی حزب و بزووتنەوەکانی گۆڕی، هەروەها لاوازبوون و بچووکبوونی هەندێک هێز و گەورەبوونی هەندێکی هێزی دیکەش؟

شاسوار عەبدولواحید: لەو بڕوایەدام هەڵبژاردنی ٢٠٢١ بەبەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە عێراق زۆر باشتر و سەرکەوتووتر بووە بەتایبەتیش لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ لە رووی شەفافییەت و خاوێنی هەڵبژاردنەکەوە.

لەبارەی شکستهێنان لەبەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ نەبوون یان کەمی هێزە سیاسەکان لە گۆڕەپانەکەدا ناگەڕێتەوە، نەخشەیەکی نوێی سیاسی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی ٦٠ ئەندام پەرلەمان دەچنە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لەدەرەوەی هێزە تەقلیدییەکانەوە.

 

چۆن لە ئەنجامی هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە (پارتی و یەکێتی) دەڕوانن؟ ئایا ئەمە قەبارەی راستەقینەی خۆیانە؟

سەرەڕای کەمبوونەوەی دەنگدەرانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێم بۆ نیوە، بەڵام پێموایە کەوا ئەو کورسییانەی کە بە دەستیان هێناوە لە قەبارەی راستەقینەی خۆیان زیاترە، نەوەی نوێ بووەتە هێزێکی سیاسی دووەم لە هەرێمی کوردستاندا لەڕووی ژمارەی دەنگەوە، هۆکاری ئەوەی یەکێتی و پارتی کورسی زۆریان بەدەست هێناوە دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ژمارەی کاندیدەکانی نەوەی نوێ هەرچەندە ئێمە دەنگی زیاترمان بەدەستهێنابوو، هۆکارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بەشداری دەنگدەران کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەریی هەبوو لەسەر جوڵانەوەکە، بۆ نمونە ئەگەر رێژەی بەشداری کردن تەنها ٪١٠ زیاتر بووایە ئەوا نەوەی نوێ لە ئێستادا دەبووە هێزی یەکەم لە کوردستاندا.

لەڕێگەی ئەو ژمارانەی کەوا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڵاویان کردوەتەوە، پارتی و یەکێتی نزیکی نیو ملیۆن دەنگیان لەدەستداوە، لە بەرامبەردا دەنگەکانی نەوەی نوێ چەند هێندە زیاددی کردوە.

هیوادارین هاوڵاتییان بەشدارییەکی زیاتریان هەبێت بۆ پەرلەمانی داهاتوو تاوەکو نەوەی نوێ بتوانێت ببێتە هێزی یەکەم و ببێتە ئەو هێزە سیاسییەی کە بتوانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پێكبهێنێت.


ئامانجتان چییە بۆ قۆناغی داهاتوو لە هەرێمی کوردستاندا؟

ئامانجمان ئەوەیە ببینە هێزی یەکەم و حکومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین بۆئەوەی هەلی ئەوەمان بۆ بڕەخسێت پرۆگرامی کورت و مامناوەندی خۆمان لەڕووی ئابووری و ژێرخانی ئابووری و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییان و زیادکردنی داهاتی تاك جێبەجێ بکەین، وە بەڕاستیش خۆمان بۆ ئەو قۆناغە ئامادەکردووە.


پێشبینیتان چییە بۆ دۆخی عێراق دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئەو ناکۆکی و هەڕەشانەی کە لەلایەن هەندێك هێزی دۆڕاوەوە دەکرێت؟ ئایا دەبێتە هۆی تێكچوونی سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا؟

عێراق قۆناغێکی گرنگی هەڵبژاردنی تێپەڕاندووە لە قۆناغێکی هەستیاردا بۆیە سروشتییە ژمارەی کورسی هەندێك لە هێزە سیاسییەکان کەمبکات و ژمارەی هەندێکی دیکەش لە هەر هەڵبژاردنێکدا زیاترببێت، گرنگ ئەوەیە هەموو هێزەکان لە بەرژەوەندی نیشتیماندا بیر بکەنەوە، لەڕێگەی سەقامگیری و پێشخستنی ئابووری و بەهێزبوونی دامەزراوەکان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەشێوەیەك کە بەرژەوەندییەکانی وڵات پێشبخات.

لەو بروایەدام کەوا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەند دەکرێت و هیچ ململانێیەکی چەکداری لەمکاتەدا روونادات.


دوای هەڵبژاردن ئایا بیرتان لەوە کردووەتەوە هاوپەیمان لەگەڵ هێز و جوڵانەوەکانی دیکەدا بۆ بەشداری کردن لە حکومەت پێكبهێنن؟ یاخود دەبنە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان؟

ئێمە پێمان باشە حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی لەگەڵ بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی بەهێزدا پێكبێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی باشترکردنی کارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی هاوڵاتییان و کاراکردنی پەرلەمان وەکو دامەزراوەیەك کە چاودێری کارەکانی حکومەت بکات، لە ئەنجامیشدا هاوڵاتییان سوود لەمە دەبینن، بۆیە زیاتر پێدەچێت ئێمە بەشداری حکومەت نەکەین و بڕیاری کۆتاییش لەلای سەرکردەکانی نەوەی نوێیە.


ئایا هیچ پەیوەندییەك یان هەماهەنگییەك هەیە لە نێوان بزوتنەوەکانی ناڕەزایی لە باشووری عێراق و خۆپیشاندانەکانی هەرێم؟

هەندێك هەماهەنگی هەیە وە دواتر هەماهەنگی زیاتر دەبێت لە داهاتوودا.


پێتوایە خۆپیشاندانەکان جارێکی تر رووبدەنەوە ئەگەر ئەنجامەکان لەجێی هیوادا نەبن و دەمووچاوە کۆنەکان کە خۆپیشاندانەکانیان داپڵۆسی جارێکی تر بمێننەوە؟

بەدڵنیاییەوە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان جارێکیتر ئەگەرێکی کراوەیە و بەبەهێزی دەمێنێتەوە چونکە هاوڵاتییان بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن وە بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش ئەوەی لەسەریان بێت کردووتانە لەڕێگەی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و شێوازی تری خەباتی مەدەنی و قوربانیشیان لەو ڕووەوە داوە، دەشبێت چینی دەسەڵاتداری سیاسی کە حوکمی وڵات دەگرنە دەست وریای ئەو خاڵە ببن کە هاوڵاتییان نایانەوێت قوربانی بە ژیانی نەوەکانی داهاتوو بدەن بەهۆی گەندەڵی و خواستی سیاسییەکان لە دەسەڵاتدا.


ئایا دۆخی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستاندا باش بووە یان بێدەنگی شەقام هۆکارەکەی داپڵۆسین و گوشاری سیاسییە؟

لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا هاوڵاتییانی هەرێم رووبەڕووی ئەم جۆرە لە زوڵم و بێڕێزی نەبوونەتەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتییەوە، شەقام لە هەرێمی کوردستاندا هەرگیز بێدەنگ نەبوە و ئێستا ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز و کارای وەك نەوەی نوێی هەیە، کە بەرگری لە مافی هاوڵاتییان دەکات و لە ململانێیەکی بەردەوامدایە لە حزبی دەسەڵاتدا، و ئەگەر پێویستیش بکات ئێمە دەچینە سەر شەقامەکان، سەبارەت بە دۆخی ئابووری هاوڵاتییانیش ئەوە بزانن زۆر خراپە.


کەناڵەکەتان، ئێن ئاڕ تی چەند جارێك رووبەڕووی داخستن و بێدەنگکردن بوویەوە لەکاتی رووماڵی خۆپیشاندانەکان و چالاکییەکانی کوردستاندا، ئایا ئەوە کاریگەریی لەسەر کارکردنی هەبووە وە رۆڵی لەسەر رای گشتی؟

کەناڵی ئێن ئاڕ تی بەشێوەیەکی فەرمی گوزارشت لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ناکات بەڵکو کەناڵی هاوڵاتییانە و لەڕێگەی ئەو کەناڵەشەوە کەسایەتییەکان و بەرپرسی هێزە سیاسییەکانی دیکەش دەردەکەون و ئازادانە راوبۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو. ئەم کەناڵە تەنها لە کوردستان رووبەڕووی داخستنی نوسینگەکانی نەبوەتەوە و بەڵکو ساڵی ٢٠١٩ هێرش کرایە سەر نوسینگەکەی لە شاری بەغدا و داخرا و ئامێرەکانیشی شکێندرا، بەڵام لە کوردستان تەنها رووبەڕووی داخستن نەبوویەوە بەڵکو کەناڵەکە لە سەرەتای کردنەوەیدا سوتێنراو لەنێوان ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٠یشدا دووجار داخرا و ئامێرەکانیشی شکێندران، بەڵام ئەم هەموو هێرشانە کاریگەریی لەسەر کاری کەناڵەکە نەکرد بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر باش لە شەقامدا لەگەڵ خەڵكدا کاردەکات و کێشە و موعانات و ناڕەزاییەکانی خەڵکیش دەگوازێتەوە.

جێی ئاماژەیە دەسەڵاتدارانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەی گوشارخستنە سەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا لە کاتی گەڕانەوەی شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکرا ئەمەش لەدوای سکاڵایەکی یاسایی بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر فەرمانبەرانی دەوڵەت بەڵام دادگای سلێمانی دوای ٢٤ کاتژمێر ئازادیکرد، هاوکات دەسەڵاتدارانی سلێمانی زیاتر لە ٨٠ کەسایەتییان لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ دەستگیرکرد کە لەناویاندا ئارام سەعید و رێبوار عەبدولرەحمان کە دوو سەرکردەی جوڵانەوەکە بوون، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە رۆژنامەوانییەکان هاوشێوەی دوانگەی عێراقی بۆ ئازادی رۆژنامەگەری ئیدانەی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و ستافە میدیاییەکانیان لە سلێمانی کرد، دوای ئەوەی خۆپیشاندانانەی کە پارێزگای سلێمانی گرتەوە، لە لایەکی ترەوە هیومان رایتس وۆچ ئیدانەی دەسەڵاتدارانی کوردییان کرد کە بەشێوەیەکی نایاسایی هەردوو نوسینگەی NRTیان داخستووە بۆ ماوەی مانگێك بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو، کە بەهۆی رووماڵی ناڕەزاییەکان و پەخشکردنی ئەو بڕگانەی کەوا رەخنە لە دەسەڵات دەگرێت، لەلایەکی تریشەوە رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داوای ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی ئێن ئاڕ تییان دەکرد کەوا دەسەڵاتداران لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرییان کردبوون.

نەوەی نوێ بووە بە دووەم هێزی سیاسی لە ئاستی هەرێمی کوردستان لەڕووی دەنگەوە و شاسوار عەبدولواحید تەنها خۆی نەبووە کە رووبەڕووی گەندەڵی و داپڵۆسین بووەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو سروە عەبدول واحیدیش بە هەمان شێوە رووبەڕووی بووەتەوە و وەکو لە یەکێك تویتەکاندا دەڵێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان سوودیان لە سامانەکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە چی نەوت بێت یان داهاتە ناوخۆییەکان یان داهاتو سنورییەکان، بەڵکو ئەوەی سوودمەند بووە حزبە دەسەڵاتدارەکانن کە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، پێویستمان بە بڕیاری یەکلاکەرەوەیە بۆ گەڕانەوەی داهات بۆ خاوەنەکانیان کە هاوڵاتیانن.













گەلەری