سەردێڕ:

دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی دەرکرد

AM:11:35:19/10/2021

39004 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەری دەستبەسەرکراوانی بادینان لەناو هۆڵی دادگاوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە لە ئێستادا سزای هەریەکە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی گۆڕدراوە و سزاکانیان سوکدەکرێت و ئازاد دەکرێن.


بەشدار چاوشین پارێزەری دەستبەسەرکراوانی بادینان رایگەیاند، ئەمە کۆتا دادگایی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بوو و لە دادگاییەکەدا سزاکانیان سوککرا و ئازادکران.

لەبارەی سزاکانیانەوە باسی لەوەکرد، کە ئەوان ماوەی ساڵێک زیاترە لە زینداندان و بەپێی حوکمەکەشیان کە گۆڕدراوە بۆ یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٦٩ی سزادانی عێراقی ماددەی ٢٢٢؛ سزاکانیان ساڵێک دەبێت، ئەوانیش ماوەی زیاتر لە ساڵێکیان لە زینداندا بەسەر بردووە، بۆیە ئازاد کران.

دوێنێ ئەو پارێزەرە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، کە ئەمڕۆ دادگایی هەریەکە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەدەچێت و بڕیاریشە سبەینێ و دوو سبەی دادگایی نۆ چالاکوان و رۆژنامەنووسی دیکەی بادینان بەرێوەبچێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارەکە تەنها لەدوای یەک رۆژ دێت لە راگەیاندراوێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە تیایدا هاتبوو، دەستگیرکراوانی بادینان دەبێت ئازادبکرێن وەک هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ.

 

ماوەی چەندین جارە بە بیانوی جیاجیاوە دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادینان بۆ کاتی دیکە دوادەخرێت و ئەمەش، ناڕەزایەتی کەسوکاری دەستگیرکراوان و چاودێرانی بواری مافەکانی مرۆڤی بەدواداهات.

کە رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، لەمیانى ئەنجامدانى کۆنرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، "بۆ جارێکى تر دادگایکردنى هەریەک لە مامۆستا بەدەل بەروارى و ئومێد بەرۆشکى لە دادگاى هەولێر، دواخرا".

١١ مانگ پێش ئێستا ئەو دوو چالاکوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتریش، لەلایەن دادگای دھۆکەوە بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و رێکخستنی خۆپیشاندان بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا.

ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگەیشە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد، سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەند کرد.

هـ.ئـ

 













گەلەری