سەردێڕ:

وێنە.. رووداوەکانی هاتوچۆ خێزانێکی دیکەیان لێکترازاند

AM:11:18:19/10/2021

58384 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو لە رووداوێکی هاتوچۆدا مامۆستایەکی زانکۆی راپەڕین لە رەگەزی مێ گیانیلەدەستدا، کە وەک هاوکارەکانی و خوێندکارەکانی باسی دەکەن، یەکێک بووە لە مامۆستا لێهاتووەکانی زانکۆکە.


مامۆستا بێگەرد خالید، ئەو مامۆستا گەنجەی رووداوی هاتوچۆ هەم خێزانەکەی لێکترازاند، هەم کۆتایی بە لێهاتوویی و تواناکانی هێنا لە زانکۆکەیدا.

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کاتژمێر ٩ی شەوی رابردوو رووداویێکی هاتوچۆ لە رێگای سەرەکی چوارقوڕنە هیزۆپ روویدا و بەهۆیەوە مامۆستا بێگەرد گیانی لەدەستدا و هاوسەر و منداڵەکەی برینداربوون.

رووداوەکە لە جۆری وەرگەڕان بووە و بەجۆرێک بووە، کە ئۆتۆمبێلەکە بەسەر شوێنێک کەوتووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە.

بێگەرد خالید مامۆستا بووە لە بەشی زانستی تاقیگەی پزیشکی کۆلێژی زانست و هەرێمی هاوسەریشی لەزانکۆی راپەرین مامۆستا بووە.

لە ئێستادا منداڵە یەکساڵانەکەی بێگەر و مامۆستا هەرێمی هاوسەری لە ژێر چاودێری پزیشکدان، بەڵام دۆخی دەروونی دکتۆر هەرێم ناجێگیرە و لە شۆکی رووداوەکە و لەدەستدانی هاوسەرەکەیدایە.

مامۆستا بێگەرد وەک پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ـە. ئەو ماڵی باوکی لە هەولێر بوون، بۆ سەردان چوونەتە هەولێر و گەڕاونەتەوە، بەڵام لە رێگای گەڕانەوەیان توشی ئەو رووداوە بوون.

بێگەرد خالید؛ لە سەرەتاکانی دامەزراندنی زانکۆکەوە لەو زانکۆیەدا بووە و وەک خوێندکار و هاوکارەکانی باسی دەکەن، یەکێک بووە لە مامۆستا چالاکەکان، کە بەردەوام کار و پلانی تایبەتی هەبووە و هەوڵی بەردەوامی هەبووە بۆ بەرەوپێشختنی بەشەکەی خۆی.

لەبارەی مامۆستا بێگەردەوە هاوکارەکانی باس لەوەدەکەن، کە پلانی جیای هەبووە و لەو ماوەیەشدا کە بەرپرسیارێتی هەبووە لە بەشی بایۆلۆجی زانکۆکەدا، چەندین هەوڵی جیاوازی هەبووە، لە ئێستاشدا پرۆژەیەکی هەبوو بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە کۆلێژەکە بکات، بەڵام رووداوێکی هاتوچۆ مەرگی ئەو مامۆستا گەنجەی پێشخست و رێگەی نەدا ژیانێکی زیاتر لەگەڵ منداڵە یەکساڵانەکەی و هاوسەرەکەی و خوێندکارەکانی بەسەر ببات.

رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی مردن لە هەرێمدا دادەنرێن، کە بەشێکی زۆری بۆ خراپی رێگاوبانەکان و بەشێکی بۆ تیژڕەوی و پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێتەوە.

هاتوچۆ هەمیشە رێنمایی هاوڵاتیان دەکات بەوەی لە شۆفێریکردندا وریا و لەسەرخۆبن، چونکە لە لەسەرخۆییدا وەک هاتوچۆ دەڵێت، "کۆنترۆڵکردنی کێشەکان باشتر دەبێت، ئەگەر رووداویش رووبدات رەنگە زیانەکەی کەمتر بێت."

باخان تۆفیق، رانیە

هـ.ئـ

No description available.May be an image of 1 person and sittingMay be an image of 1 person, standing and outdoors













گەلەری