گردبوونەوە و بایکۆتکردنى هۆڵەکانى خوێندن لەلایەن مامۆستایانى وانەبێژەوە لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان بەردەوامى هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، پەیامنێرانى ئێن ئاڕ تى رایانگەیاند "مامۆستایانى وانەبێژ لەبەشێک لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانى پەروەردە گردبوونەوە و داواى دامەزراندن و شایستە داراییەکانیان دەکەن".
ئاماژەشیان بەوە کرد "بەشێکى زۆر لە
مامۆستایانى وانەبێژ بەهۆى ئەوەى بەدەنگ داواکارییەکانیان نەهاتوون بایکۆتى
هۆڵەکانى خوێندنیان کردووە".
ئەمە لەکاتێکدایە، مامۆستایانی وانەبێژ لە قوتابخانەکاندا وانە دەڵێنەوە
و بە فەرمی دانەمەزراون، کە لەماوەی رابردوودا زۆرجار داوای دامەزراندنیان کردووە
و چەندین جار حکومەت بەڵێنی دامەزراندنیانی داوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٧ ھەزار و ٥٠٠ مامۆستای وانەبێژ ھەیە لەساڵی
رابردوەوە شایستەی مامۆستایانی ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس ٣٠٠ ھەزار دینار و مامۆستایانی
ھەڵگری بڕوانامەی دبلۆم ٢٥٠ ھەزار دینارە.