سەردێڕ:

رەوتی سەدر: دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت لە کەش و هەوایەکی ئارامدا بەڕێوەدەچن

PM:07:27:18/10/2021

4004 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی رەوتی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق رایگەیاند، دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکان و پێکهێنانی حکومەت بەشێوەیەکی ئارام و ئاسایی بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، حەسەن عەزاری سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی رەوتی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "رێڕەوی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بەشێوەیەکی ئاسایی و ئارام دەڕۆن".

لە هەڵبژاردنی رۆژی ١٠ی ئەم مانگەدا، رەوتی سەدر بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر توانی ٧٣ کورسی بەدەستبهێنێت و ببێت بە یەکەم حزبی پەرلەمانیی لە پەرلەمانی عێراق و لە ئێستاشدا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

هەر ئەمڕۆش؛ وەفدێکی پارتی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبووەوە و هەردوولاشیان جەختیان لەوەکرەوە، "کە لە بەغدا بەیەکڕیزی کار دەکەن".

هاوکات، ئەمڕۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێش کە لە هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا توانی نۆ کورسی بەدەستبهێنێت رایگەیاند، "بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا ناکەن و هەموو پۆستە وەزارییەکانیش رەتدەکەنەوە".

رۆژی ٨ و ١٠ی ئەم مانگە، دەنگدانی گشتی و تایبەت، لەسەرانسەری عێراقدا بەڕێوەچوو و دواتریش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی راگەیاند و وتی، "تەواوی بەراوردکارییەکانی دەنگدانی دەستی و ئەلیکترۆنی هاوتابوون".













گەلەری