سەردێڕ:

پەروەردەی هەرێم لەبارەی راگیرانی پرۆسەی خوێندنەوە روونکردنەوە دەدات

PM:02:55:17/10/2021

291852 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەگەر هەیە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گۆڕانکاری لە کاتی دەوامی خوێندنگاکاندا بکرێت، وەزیری پەروەردەی هەرێم دەڵێت، مەبەستیانە پرۆسەی خوێندن بەردەوامبێت، بەڵام قسەی کۆتایی لای وەزارەتی تەندروستییە.


ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، سیاسەتی وەزارەتەکەیان درێژەدانە بە خوێندن، بەڵام هەڵسەنگاندنی دۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کۆبوونەوە دەکەن و ئەنجامەکان هەڵدەسەنگێنن، ئەگەر رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن مامۆستایانەوە وەک پێویست نەبوو ئەوا دەبێت هەفتانە پشکنینی کۆرۆنا "pcr" ئەنجامبدرێت.

ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لە کۆبوونەوەکە، بەرزکردنەوەی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنایە لەلایەن مامۆستایانەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢١ -٢٠٢٢ وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی هەرێم رۆژانی سێشەممەی هەر هەفتەیەکیان تایبەتکرد بە مامۆستایان بە ئامانجی خێراتر کردنی پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، دواتر بەهەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت بنکەی تایبەت بە مامۆستایانیان تەرخانکرد تا رۆژانە بتوانن ڤاکسین وەربگرن.













گەلەری